لێک تێگەشتنیان واژۆ کرد
ژینگەی عێراق و زانکۆی سلێمانی سوود لە توانای کادرەکانیان وەردەگرن
964+
ئەحمەد مستەفا
بۆ كاری پێكەوەیی لە بواری ژینگە و روبەڕووبونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، “زانکۆی سلێمانی و وەزارەتی ژینگەی عێراق نامەی لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا واژۆکرا، بڕیارە هەنگاو بۆ راهێنان و چارەسەری کێشە ژینگەییەکان بنێن”.
دکتۆر کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و نزار ئامێدی وەزیری ژینگە پێکەوە لەسەر یەک مێز واژۆیان لەسەر خاڵەکانی لێکتێگەیشتنەکە کرد.
بە گوێرەی ئەجێندای نامەی لێکتێگەیشتنەکە، “ئامانجەکەی هاوكاری و كاری هاوبەشە لە بواری ژینگە و چارەسەركردنی پیسبوونی ئاو و هەوا و تیشكو مینی چێنراو، بەتایبەت، كە لە ئێستادا كار بۆ پڕۆژەی ئابوری سەوز لە عێراقدا دەكرێت، بەمەبەستی بنیادنانی كۆمەڵگەو ژینگەیەكی پاك، كە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی بواری ئابوری و پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی”.
زانکۆی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “ئاڵۆگۆڕكردنی توانای زانستی لە بواری ژینگەدا لە رێگەی ئەنجامدانی كۆنفڕانسی زانستیو خولی راهێنانی هاوبەش، بەسودبینین لە توانای ئەكادیمی و زانستی زانكۆ و كادری تەكنیكی، ئەندازیاری و یاساییەكانی وەزارەتی ژینگە بۆ پێگەیاندنی كادری كارامە لە هەموو بوارەكانی ژینگەدا”، بەشێکن لە خاڵەکان.
ئەوەشی ووتوە، “هەروەك ئەو زیانانەی بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوای جیهانو فەرامۆشكردنی ژینگە بەهۆی شەڕە یەك لەدوایەكەكانی 40ساڵی رابردوو بە ژینگە گەیشتووە، لەمڕووەشەوە جەختكرایەوە لەسەر پێویستی كاری پێكەوەیی بۆ بنیادنانی ژینگەیەكی تەندروست، وە باس لە هەماهەنگی لە بواری دڵنیایی جۆریو پەرپێدانی ئەكادیمیو پاڵپشتی پڕۆژەو توێژینەوە زانستییەكانو ئاڵوگۆڕی سەرچاوەی زانستیو بڵاوكراوەكان لە بواری ژینگەدا كراوە”.
نامەی لێكتێگەیشتنە دوای سەردانیكردنی شاندێكی راگرایەتی كۆلێژی زانستە ژینگەییەكانی زانكۆی سلێمانی دێت، لە 11.3.2024 بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی لیژنەی راوێژكاری ژینگەیی حكومەتی عێراق و نەتەوەیەگرتووەكان لە شاری بەغدا.
دیمەنی واژۆکردنی لێک تێگەیشتنەکە: