وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى بڕیارى دا

وڵاتى سلۆڤینیا بۆ دوو ساڵى دیكه‌ش هاوكارى ده‌زگاى مینى هه‌رێم ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتى سلۆڤینیا بڕیاریدا له ‌رێگه‌ى رێكخراوێكی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ دوو ساڵى دیكه‌ش هاوكارى ده‌زگاى مینى هه‌رێم بێت بۆ پاككردنه‌وه‌ى مین و ته‌قه‌مه‌نى له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

ئه‌م بڕیاره‌ى سلۆڤینیا دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ شاندێكى ده‌زگاى كاروبارى مینى هه‌رێم چه‌ند رۆژێكه‌ له‌و وڵاته‌ن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر به‌رده‌وامى هاوكارییه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

عه‌لى میرانى، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى هونه‌رى له ‌ده‌زگاى مینى هه‌رێم، بۆ 964 ئاشكراى كرد، پڕۆژه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی پاڵپشتی دارایی‌ له‌ نێوان ده‌زگای مین و رێكخراوی ئایتی ئێفی سلۆڤینی ITF واژۆكرا.

وتیشی “به‌رده‌وامى هاوكارییه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ و پاڵپشتی داراییان به بڕیارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ بۆ هۆیه‌كانی گواستنەوەی دەزگای مینه‌ بۆ ساڵه‌كانی 2024-2025 ـه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، پێشتر رێكخراوی ITFـى سلۆڤینى لە کاتێکی زۆر نالەبار و سەخت هاوکاری بەرنامەی کاروباری مینی هه‌رێمی كوردستانی کردبوو لەو کاتانەی کە زۆربەی هەرە زۆری چالاکییەکان وه‌ستێندرابوو به‌هۆی قه‌یرانی دارایی هه‌رێم  توانرا کە ژمارەیەک لە تیمەکانی مینلابه‌ری به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌.

هۆیه‌كانى گواستنه‌وه‌ بۆ ده‌زگاى مین یه‌كێك بووه‌ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كان، ئه‌ویش دواى ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 2019ـه‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم بودجه‌ى به‌گرێگرتنى ئۆتۆمبێلى له‌سه‌ر ئه‌م ده‌زگایه‌ راگرت.

پێشتریش  عه‌لى میرانى به‌ 964ـى وتبوو، له‌ ئێستادا ده‌زگاى مین به‌هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانییه‌وه‌ له‌ ته‌واوى پارێزگاكان، پێویستیان به‌ زیاتر له‌ 50 ئۆتۆمبێله‌ به‌تایبه‌تیش بۆ تیمه‌كانى پاكسازى.

بۆ کاری هاوبەش ده‌زگاى مینی هەرێمی کوردستان و عێراق رێ...

بۆ کاری هاوبەش ده‌زگاى مینی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتن