کانیا و جۆگەلەکان پاک دەکرێنەوە
چیتر ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەی داودە تینویان نابێت
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
چەند گەنجێکی خۆبەخشی دانیشتووی کفری، لە گوندی بەلەگە لە ناوچەی داودە، بە حەفارە و شۆفڵی خۆیان هەستاون بە کردنەوەی کانییە گیراوەکانی ناوچەکە و شوێنەکانیان فراوانتر دەکەنەوە بۆ ئەوەی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکە لە تینوێتی و گەرما رزگاریان بێت و لەناو نەچن.
گوران جەلال، سەرپەرشتیاری کارە خۆبەخشییەکە بە 964ـی وت، “بە کەرەستە و شۆفڵ و حەفارەی خۆمان هەستاوین بە کردنەوە و دەردانی ئەو کانیانەی لە ناوچەکە هەن و بەهۆی خۆڵ و خاشاکەوە گیراون”.
وتیشی، “ئەمڕۆ لە هەنگاوی یەکەمماندا لە گوندی بەلەگە بەری هەشت کانیی ئاویان بەرداوە و بەردەوامیش دەبن و هەموو گوندەکان دەکەین”.
ساڵانە لە وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەتایبەت لە ناوچەی داودە کە سنوورێکی گەرمیانە و پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبنەوە و ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکەش زیاتر مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد