ئه‌مشه‌و رۆناڵدۆ و مێسی له‌ ریاز رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ یارییه‌كی دۆستانه‌ و ئاهه‌نگئامێزدا، تیپی ئه‌ستێره‌كانی هه‌ردوو یانه‌ی هیلال و نه‌سڕی سعوودی، له‌گه‌ڵ یانه‌ی پاریس سانجێرمانی فه‌ڕه‌نسی له‌ ریاز به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، تێیدا هه‌ردوو ئه‌ستێره‌ی ناودار رۆناڵدۆ و مێسی رووبه‌ڕووی یه‌كتر یاریی ده‌كه‌ن.

یارییه‌كه‌ به‌بۆنه‌ی “وه‌رزی ئاهه‌نگه‌كانی ریاز” رێكخراوه‌ و ئەمشەو كاتژمێر 20:00 له‌ یاریگه‌ی شا فه‌هد ده‌ستپێده‌كات.

پاریس سانجێرمان به‌ ته‌واوی ئه‌ستێره‌كانی یارییه‌كه‌ ده‌كات، له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ردوو یانه‌ی هیلال و نه‌سڕی سعوودی، پێكهاته‌یه‌كی تێكه‌ڵیان ئاماده‌كردووه‌ و به‌ سه‌ركردایه‌تی رۆناڵدۆ رووبه‌ڕووی میوانه‌كه‌یان ده‌بنه‌وه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌ بلیتێكی تایبه‌تی بۆ ئه‌م یارییه‌ دیاریی كرابوو، كه‌ نرخه‌كه‌ی 10 ملیۆن ریالی سعوودی بوو، كه‌ ده‌كاته‌ دوو ملیۆن و 662 هه‌زار و 396 دۆلاری ئه‌مریكی، كه‌سێكی سعوودی بلیته‌كه‌ی كڕیوه‌ و كاره‌كه‌ش به‌ مه‌به‌ستی خێرخوازییه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌مڕۆ تایبه‌تمه‌ندیی زۆری ده‌بێت له‌ یارییه‌كه‌دا، له‌وانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ رۆناڵدۆ و مێسی و تیپه‌كان ده‌بینێت، هه‌روه‌ها جامی یارییه‌كه‌ش پێشكه‌ش به‌ تیپی براوه‌ ده‌كات.