خانەقین
بە ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ یارى محێبس بەڕێوەچوو
964+
ڕاژان باجەڵان – خانەقین
پاش چەندین ساڵ لە دابڕان و لە کەشێکى ئاهەنگ ئامێزدا، ئەمشەو یاری محێبس لە خانەقین دەستیپێکردەوە و لە فولکەى کرندى سەنتەرى شارەکە تیمێکی خانەقینی لەگەڵ تیمێکی کەلار، یارییان ئەنجامدا.
یاری محێبس بیرۆکەکەی بریتییە لە گەڕان بەدوای مستیلەیەک لە نێو دەستی کۆمەڵێک یاریزان کە مشتەکۆڵەکانیان دەبەستن و ئەو مستیلەیە لەناو دەستی یەکێکیان دەشارنەوە، لە هەندێ ناوچەى دیکەش بە کەڵە مستێن ناسراوە.
دیار سالم، لە تیمى کەلار کە ئەمشەو بەشداری یارییەکەى کردووە، بە 964ـى وت،”ئێمە بەردەوام ئەم یارییە دەکەین و خاوەن چەندین نازناوین لەم یارییە و لە شارەکانی کوردستان و عێراق بەردەوام یاری دەکەین “.
لاى خۆیەوە ئاریان عەلی موڕاد کە یاریزانێکى تیمى خانەقینە بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت: ئەم یارییە دۆستانەیە و هەر تیمێکمان بە 35 یاریزان بەشدارین، یاسای یارییەکە ئەوەیە پاڵەوان مستیلەکە بگرێت لەدەستی یاریزانی تیمی بەرامبەر تا خاڵێک ببات و لە 16 خاڵ یارییەکە کۆتایى دێت و هەر تیمێک ئەو ژمارە خاڵە کۆبکاتەوە دەبێت بە براوە”.
لە ساڵی 2020ـەوە و لە دواى هاتنى کۆرۆنا یاری محێبسی لە خانەقین وەستێنرا، بە تایبەتیش بەهۆى کۆچی دوایی مامۆستا عەبدولخالق کە بەناوبانگترین یاریزانى خانەقینى بووە و لەسەر ئاستى پارێزگا جیاوازەکانی عێراق ناوبانگى هەبووە، یارییەکە لە خانەقین بەرەو کاڵبوونەوە چوو.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح