هاوینان تۆزە و زستانانیش قوڕە

فێرگەیەکی تۆپی پێی منداڵان لە یاریگەی خۆڵدا راھێنان دەکەن

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

گەنجێکی گەڕەکی ئاوارەکان لە قەزای کەلار، منداڵانی گەڕەکەکەی کۆکردووەتەوە و فێرگەیەکی بەناوی ئەستێرە دروست کردووە، ئەوان لە یاریگەی خۆڵدا فێری ئەلف و بێی تۆپی پێ دەبن.

فێرگەی تۆپی پێی ئەستێرە لە ساڵی 2013 دامەزراوە، ئیستا نزیکەی 40 منداڵ رۆژانە لەوێدا راھێنان دەکەن .

محەمەد حەمەجان، راھێنەری فێرگەکەیە بۆ 964 باسی لەوەکرد، “بە ھوی نەبوونی یاریگەوە، ناچارن لە یاریگەیەکی خۆڵ راھێنان بکەن، ئەو یاریگەیانەشی کە ھەن، بۆ تیپە میللییەکان دانراوە و فێرگەکان پشتگوێخراون”

دەشڵێت، یاریزانەکان زۆرجار تووشی پێکان دەبن و ناتوانن بە باشی ئاستی خۆیان دەربخەن، ئەگەر لە یاریگەیەکی سروشتی یان تارتان راھێنان بکەن، تواناکانی خۆیان زیاتر نیشان دەدەن.

یاریزانەکان رۆژ نییە دوای تەواو کردنی راھێنانەکانیان بە برینداری نەگەڕێنەوە ماڵەوە، سەیف جەمیل یەکێکە لە یاریزانەکانی فێرگەکە و دەڵێت، “لە کاتی راھێنان لە یاریگە خۆڵەکەدا کەوتم و قاچی چەپم شکا، ماوەی دوو مانگ لە ماڵەوە بووم و نەمتوانی لەگەڵ ھاوڕێکانم راھێنان بکەم”

محەمەد حەمید، یەکێکی دیکەیە لە یاریزانەکانی فێرگەکە و دەڵێت،”ھاوینان یاریگەکە دەبێتە تەپ و تۆز، زستانانیش لە کاتی باران باریندا دەبێتە قوڕولیتە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

سلێمانی فێرگەکانی تۆپی پێ رێکدەخاتەوە

سلێمانی فێرگەکانی تۆپی پێ رێکدەخاتەوە