ماوەکەی 10 رۆژ بوو
سبەی دوا وادەیە بۆ داخڵکردنی داتای مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراوە
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە، سبەی پێنجشەممە دوا وادەیە بۆ داخڵکردنی داتای مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراوە لە سیستمی (E-PARWARDA) و کاتژمێر 6:00ی ئێوارە سیستمەکە دادەخرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی پەروەردە ئەو ئاگاداریەی بڵاوکردەوەتەوە و رایگەیاندووە دوای ئەو کاتەی دیاریکراوە ئیدی داخڵکردنی داتا رادەگیرێت و کار بەهیچ داتایەک ناکرێت کە لە دەرەوەی ئەو سیستمە بێت.
وەزارەتی پەروەردە لە رۆژی 28.1.2024 دەستیکردوە بە کۆکردنەوەی داتا لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لە رێگەی سیستمێکەوە کە تەنیا بۆ 10 رۆژ کراوەیە.
لەگەڵ کردنەوەی سیستمەکە وەزارەتى پەروەردە رایگەیاندبوو، لە داهاتوودا وەزارەتەکەیان تەنیا کار بەو داتایە دەکات کە دەبێتە بنەماى مامۆستایانى وانەبێژ، لە حاڵەتى بوونى کەموکوڕى و کەمتەرخەمیەکیش لە داتاکەدا، بەڕێوەبەرى ناوەندى خوێندن و بەکارهێنەرى سیستم بەرپرسیارێتى لە ئەستۆ دەگرن.
بەگوێرەی وتەی لەتیف حسێن، بەرێوەبەری پەروەردەی شارباژێر کە پێشووتر بۆ 964 قسەیکردبوو وتویەتی، “داخلکردنەکە خۆبەخشان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنیا ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە کە وەک وانەبێژ لە قوتابخانەکان وانە دەڵێنەوە”.