مامەڵەکردن دەکرێتە ئەلیکترۆنی
نەختینەی سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق 750 ملیار دینارە
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی بیناسازی و نیشتەجێکردنی عێراق رایدەگەیەنێت، نەختینەی سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق بۆ ساڵی 2024 بڕی 750 ملیار دینارە و پیشینەکەش بۆ 100 ملیۆن دینار بەرزدەکەنەوە.
نەبیل سەفار، وتەبێژی وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە، ئێستا وەزارەتەکەیان لە لێکۆڵینەوەی ئەوەدایە داواکاری و پێشکەشکردن بۆ وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبوون بکات بە ئەلیکترۆنی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە، وەزارەتەکەیان بەردەوامی بە سندوقەکە دەدات لەوپارانەی بۆیان دەگەڕێتەوە و وتوشیەتی، “نەختینەی سندوقەکە بۆ ساڵی 2024 بڕی 750 ملیار دینارە”.
بە وتەی پەرلەمانتارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەگەر بانکی نیشتیمان لە هەرێم بکرێتەوە، ئەوا هاوڵاتیانی هەرێمیش لە رێگەی ئەو بانکەوە دەتوانین لەو پێشینەیە سوودمەند بن.
“عێراق لە قەیرانێکی گەورەی نیشتەجێبووندایە و پێویستی بە نزیکەی پێنج ملیۆن یەکەیە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، پێدانی ئەو پێشینەیەش هەوڵێکی حکومەتە بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەیرانە نیشتەجێبوونەی هەیە”، ئەوە قسەی نەرمین مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ 964.
دەشڵێت، کردنەوەی بانکی نیشتیمان لە هەرێم دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژانەوەی زیاتری هەرێم و رزگاربوونی هاوڵاتیان لە کرێنشینی، چونکە لەوێوە دەتوانن هەر پێشینەیەک وەربگرن، کە حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت.