زۆری نەماوە جێبەجێ بکرێن
لەڕێگەی چوار پرۆژەوە ھەلیکار بۆ گەنجانی کفری دەرەخسێنرێت
964+
میلاد جەلال – کفری
شارەوانی قەزای کفری دەیەوێت لە رێگەی چوار پرۆژەی بچوکەوە، ھەلی کار بۆ گەنجانی قەزاکە بڕەخسێنێت و کاری تیادا بکەن.
پرۆژەکان بریتین لە عەلوەیەکی مۆدێرن، گەراجی بارھەڵگر، توندوتۆڵی و سێرڤسی ئۆتۆمبێل، قەپانی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر.
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری بە 964ـی وت، چوار پرۆژەکە رەزامەندیان بۆ وەرگیراوە و ئێستا لە قۆناغی چێککردنەوەی نەخشەسازی پرۆژەکانن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاش تەواوکردنی رێکارەکانی دواتر بانگەوازی بۆ دەکەین و لە رێگەی تەندەرینەوە دەدرێت بە وەبەرھێن.
دەمانەوێت کارەکانی بەخێرایی تەواو بکەین، بۆ ئەوەی تاوەکو چەند مانگی داھاتوو دەست بە دروستکردنی پرۆژەکان بکرێت و ژمارەیەک لە گەنجی قەزاکە بخەنە سەرکار، عەلی خورشید وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی