ئەنجامی پشكنین دەرچوو
زانیاری نوێ لەسەر ئەو ماڵەی بەحرکە کە سەری سەگەکەی تیا دۆزرایەوە
+964
شۆڕش عەبدوڵا
ئەنجامی پشکنینەکانی ئەو گۆشتە گەڕایەوە کە لەناو سەلاجەی ماڵەکەی بەحرکە دۆزرابووەوە، هێزە ئەمنییەکان گومانیان دەکرد گۆشتی سەگەکە بێت.
دوێنێ شەو 964 بڵاویکردەوە کە لەسەربانی ماڵێک لە بەحرکە کەلە سەری سەگێک دۆزراوەتەوە، لەناو سەلاجەکەشدا گۆشتێکی نامۆ هەبووە و بردراوە بۆ پشکنین.
کەمێک پێش ئێستا سەرچاوەیەکی ئەمنی پلەدار بە 964ی وت ”ئەنجامی پشکنینەکان گەڕاوەتەوە، دەرکەوت ئەوەی لە سەلاجەکەدا بووە گۆشتی سەگ نەبووەو گۆشتی ئەو ئاژەڵانەیە کە دەخورێن”.
هەواڵی سەربڕینی سەگەکە سەرەتا لەسەرچاوەکانی دیکە بە ناڕاست بڵاوبووەوە، 964 زوو سۆراغی کرد و راست و دروستی سەلماند.
دوێنێ شەو لە سۆشیال میدیا بە چڕی ئەو قسەیە بڵاوبووەتەوە کە چێشتخانەیەک لە بەحرکەی هەولێر سەگی سەربڕیوە و گۆشتەکەی بە خەڵک فرۆشتووە، 964 سۆراغی کرد، ئەوە وانییە، بەڵام حاڵەتێک هەیە جێی گومانە و ئاسایش لێی دەکۆڵێتەوە.
راستی چیرۆکەکە بەم شێوەیە بوو: زانیاری چووبوو بۆ ئاسایش کە سەری سەگێک لە سەربانی ماڵێک لە بەحرکە بینراوە، کاتێک ئاسایش دەچنە شوێنەکە دەبینن زانیارییەکە راستە و لەناو سەلاجەی ماڵەکەش گۆشتێکی گوماناوی هەبووە و نێردراوە بۆ پشکنین.
سەرچاوەیەکی ئەمنی جێی باوەڕ، کە لە نزیکەوە ئاگاداری کەیسەکەیە بە 964ی وت، ”خاوەنی ماڵەکە خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە، دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و وتوویەتی، “بەڵێ من سەگەکەم سەربڕیوە، جادوگەرێک پێی وتووم سەگ سەرببڕە و سەرەکەی لەسەربان دابنێ”.
ئەمڕۆ ئەو پیاوەی سەگەکەی سەربڕیبوو بە کەفالەت ئازادکرا.