داوای دامەزراندن دەکەن

دەرچووانی کۆلێژەکانی خانەقین دووبارە خۆپیشاندانیان کرد

964+

راژان باجەلان – خانەقین

دەرچووانی کۆلێژەکانی خانەقینی سەر بە زانکۆی گەرمیان دووبارە رژانەوە سەرجادە و داوای دانپێدانان و قبوڵکردنی بڕوانامەکانیان دەکەن بۆ دامەزراندن.

ژمارەی خوێندکارەکان کە دانەمەزراون، زیاتر لە 15 هەزارە و ئەو دەرچووانەن کە لە ساڵی 2014ـەوە خوێندنیان تەواوکردووە و بەهۆی ئەوەی نفوس و کارتی زانیاریی “ناوچە دابڕێندراوەکانیان نییە” دانامەزرێن.

بە بڕیاری حکومەتی عێراق، حەوت هەزار و 484 دەرچووی زانکۆ و کۆلێژەکانی پارێزگای دیالە دادەمەزرێن، لەو ژمارەیە تەنیا 318 دەرچووی خانەقینی بەردەکەوێت.

لە دژی ئەو بڕیارە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 10.11.2023، ژمارەیەک لە دەرچوانی کۆلێژەکانی خانەقین لە فلکەی کرندی ناوجەرگەی شاری خانەقین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داواکارییەکانیان بریتی بوو لە قبوڵکردنی بڕوانامەکانیان لەو ژمارە دامەزراندنەی کە بۆ پارێزگای دیالە هاتووە.

موستەفا عادل نوێنەری خۆپیشاندەران بە 964ی وت، “شەش ساڵە زانکۆم تەواوکردووە و حکومەتی هەرێم داینەمەزراندوم و ئێستاش کە حکومەتی عێراقی دامەزراندنی راگەیاندووە شمولمان ناکات، چونکە زانکۆکەمان باوەڕپێکراو نییە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق.“

زانکۆی گەرمیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی دانی پێدانانرێت بەهۆی دروستکردنی زانکۆکە لەسەر زەویی چەند وەزارەتێکی عێراقی بەبێ وەرگرتنی هیچ رەزامەندییەک، بەو هۆیەشەوە هەموو دەرچوانی لە دامەزراندنەکانی حکومەتی عێراق بێبەشن.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر