شاخەوانیش دەگرێتەوە
کارکردن لەو رێبەرە گەشتیاریانە قەدەغە کرا کە مۆڵەتیان نییە
964+
ژووری هەواڵ
لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، رێبەری گەشتیاری و شاخەوانەکان، ئەوانەی گروپی گەشتیاری دروستەکەن، ناچار دەکرێن مۆڵەت دەربکەن و بەبێ مۆڵەت کارکردنیان لێ قەدەغە دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29.10.2023، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ رێبەرانی گەشتیاری لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، “بە ئامانجی رێکخستنەوەی کاری رێبەری گەشتیاری و شاخەوانی لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان”.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە 964ـی راگەیاند، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بە رێبەرەکانی وتووە، پێویستە ئەوانەی بەبێ مۆڵەت کار دەکەن مۆڵەتی فەرمی کارکردن دەربکەن و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستدەکرێت بە کردنەوەی خولی تایبەت بۆیان.
وتیشی”لە کاتی رێکخستنی گەشت بۆ گەشتیاران دەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگی بکرێت بۆ راییکردنی کارەکانیان و لەپێناو پاراستنی گیانی گەشتیاران”.