غازی تێدا نەماوە

تاقانە MRIیەکەی گەرمیان لەکارکەوتووە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای مانگ و نیوێک لە بایکۆتی کارمەندانی بەشی تیشک لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار، کاتێک دەست بە دەوام دەکەنەوە دەبینن ئامێری گرتنی تیشکی MRI لەکارکەوتووە، بەڕێوەبەرەکەشی دەڵێت غازی تێدا نەماوە و ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەکەوێتەوەکار.

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان تەنھا یەک ئامێری تیشکی MRI لە نەخۆشخانە حکومییەکان ھەیە و ئێستا ئەوەش لەکارکەوتووە، ھاوڵاتیان دەبێت بۆ گرتنی تیشک بڕۆنە نەخۆشخانە ئەھلییەکان.

کاروان محەمەد، لێپرسراوی بەشی کارگێڕی سەنتەری تیشک لە کەلار بە 964ـی وت، “ئامێرەکە غازی ھیلیۆمی تێدا نەماوە، کۆمپانیایەکی ئەڵمانی چاکسازی لە ئامێرەکە دەکات چاوەڕێین لە ئەڵمانیاوە بۆی بھێنن ئەوەش کاتی دەوێت و ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەکەوێتەوەکار”.

ئاماژەی بەوەش کرد، تێکچوونی ئامێرەکە پەیوەندی بە بایکۆتەوە نەبووە، چونکە بەیانیان بایکۆت کرابوو، بەڵام لە بەشی ئێوارانی نەخۆشخانەکە کاری پێکراوە، ماوەیەکی دیاریکراوی ھەیە و غازەکەی لەو ماوەیەی خۆیدا تەواو بووە.

“تەنیا ئەو ئامێرە ھەیە لە نەخۆشخانە حکومییەکانی گەرمیان، ئەوەش بەشی ھاوڵاتیان ناکات دەبێت ماوەیەکی زۆر چاوەڕێبن بۆ ئەوەی تیشک بگرن، داواکارم ئامێرێکی تری لەم شێوەیە بھێنن بۆ گەرمیان”، ئەوەش قسەی کاروان محەمەدە.

نەبوونی نەختینە لە بانک کێشە بۆ تەندروستی گەرمیان دروس...

نەبوونی نەختینە لە بانک کێشە بۆ تەندروستی گەرمیان دروست دەکات

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد