زیانی هەبوو
ئاگر لە دارستانی دوو گوند کەوتووەتەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بۆردومان دارستانی دوو گوندی پڕ ئاگر کردووە، بە وتەی دانیشتوویەکی گوندەکە بێت، “ئاگر لە رووبەری نزیکەی 10دۆنمی گوندەکانی سگێرێ و سەرگەلێ فراوان بووە”.
بوردمانەکە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 26.9.2023 روویداوە و ئاگرێکی گەورە لە ئەنجامیدا کەوتوەتەوە، محەمەد نهێلی، دانیشتووی گوندی سگێرێ قسەی بۆ 964 کرد وتی، “زیاترە لە کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و فراوان بووە، هیچ تیمێکی بەرگری شارستانی لە ناوچەکە نین”.
بەوتەی ئەو هاوڵاتیە بێت، ” فرۆکەی جەنگی لە ناوچەکە بۆردومانی کردووە، و ناچار خەڵکی گوندەکە خۆیان خۆڕسکانە دەستیان بە کوژاندنەوە و رێگریکردن لە فراوان بوونی ئاگرەکە کردووە. ئەم گوندانە دەکەونە سنوری دەڤەری نهێلی لە قەزای ئامێدی.
ئەم رووداوە بێ زیان نەبووە، محەمەد نهێلی ئەوەی پشتراست کردەوە، ” لە ئەنجامی ئاگرەکە، زیانی ماددی زۆر بەر دارستانەکانی ئەوان گەیشتووە، و چەندین داری بەرهەمدار سووتاوە وەکو داری، “بەڕوو و کەزان و گۆیژ و مازو”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا