"پێویستی بە پاڵپشتی سیاسی هەیە"

چوار ساڵە ماوەت چاوەڕوانی کردنەوەی مەرزێکە

964+
دیلان محەمەد جەزا

لە ساڵی 2019ـەوە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی مەرزێکی نێودەوڵەتی لە سنوری قەزای ماوەت، بەڵام ئەو بابەتە پشتگوێخراوە و باس ناکرێت.

کامەران حەسەن قایمقامی قەزای ماوە بە 964ـی وت، وەک ئیدارەی قەزای ماوەت هەوڵی جدی دراوە بۆ کردنەوەی مەرزێک لە سنوری قەزاکەیان، بەڵام پێویستی بە پاڵپشتی سیاسی هەیە بۆ کردنەوەی.

داواکاری بەرزکراوەتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2019دا لیژنەیەکی 13 کەسی دروستکراوە تایبەت بە کردنەوەی مەرزێکی نێودەوڵەتی، راپۆرتی کۆتایی درا کە گونجاوە مەرزێک بکرێتەوە.

بەرپرسانی ماوەت دەڵێت، دەشتی خان شوێنێکی گونجاوە بۆ دروستکردنی مەرز، لە دیوی ئێرانەوە دوو چەمانە و سەردەشت نزیکە لێیەوە، بەڵام هیچ پاڵپشتیەک نەکراوە ئەو بابەتە، هەر بۆیە تا ئێستاوە وەستاوە.

دەشڵێن، لە رابردوودا چەند دەرچەیەکی قاچاخ هەبوون، بەڵام دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەو دەرچانەش داخراون، کاری قاچاخ زۆر کەمبووەتەوە لەو سنورە، لەبەر ئەوەی ئێران سنورەکانی زۆر تووند کردووەتەوە.

964 تێدەگات، بە کردنەوەی مەرزێکی نێودەوڵەتی لە سنوری قەزای ماوەت، جموجۆڵی زۆر دروست دەبێت، لەبەرئەوەی ئێستا ئەو ناوچەیە بە تەواوی چۆڵ بووە و کار و کەسابەت تیایدا کزە.