لە سلێمانی نزیکەی 56 دۆنم زەوی لە مین پاککرایەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
زیاتر لە یەک هەزار مین و پارچە تەقەمەنی لە سێ ناوچەی سلێمانی دۆزراونەتەوە، هەموویان هەڵگیراون و لە شوێنی دوورەدەست لەنێوبراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.9.2023، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای مین بە 964ـی راگەیاند، سێ کێڵگە مینیان بەهاوکاری دارایی رێکخراویITF ـی سلۆڤی لە ناحیەی بنگرد پاککردووەتەوە و ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا ئەو زەوییانەیان رادەستی خاوەنەکانیان کردووەتەوە.
“ھەر سێ کێڵگەکە نزیکەیی 56 دۆنم زەوییە و تێیدا 1053 مین و 38 تەقەمەنی جۆراوجۆر دۆزراونەتەوە و لەلایەن تیمەکانی پاکسازیکردنی مینی سلێمانییەوە کاری پاککردنەوەی بۆ ئەنجامدراوە”، سەرۆکی دەزگای مین وای وت.
پێنج ملیۆن مەتر دوجا زەوی ههرێم لە مین پاککراوەتەوە
حکومەتی هەرێم دهڵێت، توانیویەتی لە چوار ساڵی رابردودا و لە رێگەی دەزگای گشتیی کاروباری مینەوە، پێنج ملیۆن و 38 هەزار و 629 مەتر دوجا زەوی پاکبکاتەوە.
بەپێی ئهو داتایانهى كه حکومەت بڵاویكردووهتهوه، تەنها لە ساڵی 2019-2020دا لە هەر چوار پارێزگاى هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 56 هەزار و 657 مەتر دوجا زەوی لە 68 کێڵگەی مین پاککراونەتەوە، کە تیایاندا پێنج هەزار و 92 مینی دژەکەسی و نۆ مینی دژە تانک و شهش هەزار و 759 تەقەمەنی جۆراوجۆر لەناوبراون.