لە گەرمیان بینا لە هه‌ندێك فەرمانگە وەردەگیرێتەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایه‌تی، لە گەرمیان ئەو بینایانەی کە ھەیەتی و فەرمانگەی دیكه‌ی تێدایە لێیان وەردەگرێتەوە.

وەزارەتەکە لە گەرمیان چوار بینای ھەیە، كه‌ جگه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كانى خۆى، فەرمانگەی دیكه‌ی تێدایە، ئەوانیش دووانیان لە کفری و دووانەکی دیكه‌ش لە کەلار و خانەقینن.

ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان بە 964ـى وت “بەو فەرمانگانەمان وتووە بە زووترین کات بیناکانمان بۆ چۆڵ بکەن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەیانەوێت ژمارەیەک سەنتەری ئۆتیزم و پەیمانگای نابیستان و وەرشەی فێربوونی پیشە لە سنووری گەرمیان بکەنەوە، بۆیە پێویستیان بەو بینایانەیە.

لە ماوەکانی رابردوو ھەریەک لە شارەوانی کفری و سیانەی کارەبای کفری بیناکانیان لێوەرگیرایەوە، کە وەک میوان تێیدا نیشتەجێبون، بڕیارە بیناکانیان بکرێتە سەنتەرێکی ئۆتیزم و وەرشەی فێربوونی پیشەیی.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن