بەس بە دینار هەیە

بانکەکان بۆ دۆلارێک بچیت بە ئاسماندا ناتدەنێ

964+
ژووری هەواڵ

لە ئەمڕۆوە هەرکەس بچێتە ناو بانکەکان و داوای پارە بکات، پێی دەڵێن، بە دینار دەتەوێ باشە، ناتەوێ نییە.

کاتێکیش بە دینار دەیدەنێ، ئەوا هەر 100 دۆلارێکی بە 132 هەزار دینار بۆ دەگۆڕنەوە لە کاتێکدا لە بازاڕەکان بە سەروو 150 هەزار دینارە.

ماوەیەک لەمەوبەر، ئەم پرۆسەیە سەرەتا لە ئامێرەکانی ATMـەوە دەستیپێکرد کە دۆلاریان نەدەدا بە کەس.

بڕیارەکە تا کاتێکی نادیارە

لەسەر ئەم بابەتە، سەنتەری پەیوەندییەکانی RT بانک لە هەولێر بە 964ـی وت، “بە بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق تا کاتێکی نادیار پێدانی دۆلار بە هەموو کەسێک راگیراوە”.

یانی نە لە ATMـەکان و نە لەناو ئۆفیسی بانکەکانیشدا دۆلار نادەن بە کەس و ئەمەش پێدەچێت یەکێک بێت لەو هۆکارانەی ئەمڕۆ بەهۆیەوە دۆلار بەرزبووەوە.

964 تێدەگات، بڕیارەکەی بانکی ناوەندی تا کاتێکی نادیارە و رەنگە لە داهاتوودا گۆڕانکاری تێدا بکرێت.

لە ATMـەکانەوە دەستیپێکرد

دوو هەفتە لەمەوبەر، سەرەتا بڕیارەکە بۆ ئامێرەکانی ATM دەرچوو، لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستان پێدانی دۆلار راگیرا، تەنانەت کاتێک بەکارهێنەر داوای گۆڕینەوەی دۆلارەکەی دەکات بۆی ناکات بە دیناری عێراقی و لەجیاتیدا دەنووسێت، “هەژمارەکەت بوونی نییە”.

شارەزایان هۆکاری ئەم بڕیارانەی حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق بۆ فشارەکانی ئەمریکا دەگێڕنەوە کە داوای کردووە دۆلار لە وڵاتەکەوە بۆ ئێران نەنێردرێت.