كاروانێكی دیكه‌ى برنج و سماقى ئاكرێ بۆ ئه‌وروپا به‌ڕێده‌خرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌م رۆژانه‌ كاروانێكی دیكه‌ى برنج و سماقى ئاكرێ به‌ره‌و دوو وڵاتى ئه‌وروپی به‌رێبخرێت و به‌رپرسێكی كشتوكاڵى دهۆكیش ده‌ڵێت، كاروانه‌كه‌ له‌ رێژه‌یه‌كی زۆرى سماق و برنج پێكهاتووه‌.

ئه‌حمه‌د جه‌میل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ لە پارێزگای دهۆک، بە 964ـی راگەیاند، ناردنى بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامە و له‌م رۆژنه‌ش 30 تۆن برنجی ئاکرێ بۆ هه‌ردوو وڵاتی ئەڵمانیا و سوید هەناردە دەکرێت.”

وتیشی ”رێژەیەکی زۆر سماقی ئاکرێش له‌گه‌ڵ برنجه‌كه‌ هەناردە دەکرێت.”

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا 85 تۆن برنجى ئاكرێ بۆ وڵاتانى جیاجیا ئه‌وووپا نێردراوه‌ به‌و 30 تۆنه‌ش كه‌ له‌م رۆژانه‌ ده‌نێردرێت ده‌بێته‌ 115 تۆن.

پێشتر ئاراس حامید، خاوه‌نى كارگه‌ى ئاریاس‌ له‌ ئاكرێ كه‌ كارگه‌كه‌ى به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌نێرێت، به‌ 964ـى وتبوو، له‌ڕووى كوالێتى و نرخه‌وه‌ برنجى ئاكرێ له‌ ئه‌وروپا له‌پله‌ى یه‌كه‌م دایه‌.

وتبووشی “یه‌ك كیلۆ برنجى ئاكرێ له‌ به‌ریتانیا به‌ چوار پاوه‌نده‌ واتا پێنج دۆلار، له‌كاتێكدا چه‌ند كیلۆیه‌ك برنجی ئه‌وان ناگاته‌ نرخى یه‌ك كلیۆى برنجی ئێمه‌”.

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ى كه‌ 964 له‌ كشتوكاڵى دهۆك وه‌ریگرتووه‌، ئه‌مساڵ له‌ سنوورى قه‌زاى ئاكرێ، نزیكه‌ى نۆ هه‌زار دۆنم زه‌وى به‌ برنج داچێندراوه‌ و پێشبینیش ده‌كرێت به‌رهه‌مى ساڵانه‌كه‌ى 12 هه‌زار تۆن بێت.