100 هەزار دار دەچێندرێت
هەڵمەتی دار چاندنەکەی هەولێر بەردەوامە
964+
توانا نەقی
لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەڵمەتی چاندنی دار لە هەولێر دەستیپێکردووە و تا ئێستا 70 هەزار دار چێندراوە.
دارەکان هەمەڕەگن و دەدۆنیا، سیسەم و ئەلبیزیا و چەند جۆرێکی دیکە لەخۆدەگرێت و لە چەند شوێنێکی جیاواز چێندراون و بەردەوامە.
رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ـی وت، هەڵمەتەکە بەردەوامە و تا ئێستا لە 70% تەواو بووە و 30%ـی ماوە تا کۆتایی وەرزی پایز تەواوی دەکەن.
وتیشی، لە رێگای مەخمور تا ئێستا 12 هەزار داری دەدۆنیا چێندراوە تا بازگەی مامزئاوا، لە رێگای پیرمامیش چاندنیان هەیە و ئەو جۆرە دارانە بە شێوەیەکی بەربڵاو دەچێنن.
جگە لە چاندنی ئەو هەزاران دارە تا ئێستا 200 گوڵ و نەمامی تریان چاندووە، رێبین ئەحمەد وای وت.
جگە لە چاندنی دار لە شەقامەکان لە هەولێر زیاتر لە 450 پارک و باخچە هەیە، لەم ژمارەیە 20 دانەیان پارکی گەورەن و ئەوانی دیکەش باخچەی گەڕەکەکانن.
بە قسەی رێبین ئەحمەد بێت، رێژەی سەوزایی بە پێوەری رووبەر دەگاتە 19.5%، بەڵام ئەو رێژەیە کەمە و دەبێت زیاتر بکرێت و ئەمەش ئیشی زۆری دەوێت.