زیاتر لە 700 کانی لە سنووری دهۆک وشکیان کردووە

964+

توانا نەقی

لە سنووری پارێزگای دهۆک بە قەزا و ناحیە و گوندەکانییەوە تا ئێستا زیاتر لە 700 کانی بە تەواوەتی وشکیان کردووە و گرفتی بۆ کشتوکاڵی دەیان گوند دروستکردووە.

یەکێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو ناوچەیە کانیاوە بە پێی داتای ئاودێری دهۆک سێ هەزار و 48 کانی بوونی هەیە لەو رێژەیەش 763 دانەی قەترەیەک ئاوی تیادا نەماوە.

هێژا عەبدولواحید بەڕێوەبەری ئاودێری دهۆک بە 964ـی وت، زۆربەی وشکبوونی کانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 2020 و 2021 کە وشکە ساڵییەکی سەخت رووی لە ناوچەکە کردبوو.

بەڕێوەبەری ئاودێری دهۆک ئەوەشی وت، لەو رێژەیە کە وشکبوون لە ساڵی 2023 بەهۆی ئەوەی بارانێکی باشتر باری، 25 کانییەک بە رێژەیەکی کەم بوژاوەتەوە و ئاوی بۆ گەڕاوەتەوە.

964 دەزانێت، ئەو کانیانە سەرچاوەیەکی باش بووە بۆ ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵکردنی دەیان گوند، کە ئێستا بەهۆی وشکبوونیانەوە ئاوی خواردنەوەیان بە تانکەر بۆ دەچێت و بۆ کشتوکاڵیش بە تەواوی کەمیکردووە و زیانی پێگەیاندوون.

“هەموو هیوایەکمان بارانی ئەمساڵە ئەویش لێزمە باران نا، بەڵکو بارانێکی نەرم و درێژخایەن لەگەڵ بارینی بەفرێکی زۆر کە ببێتە هۆی تەقین و بوژاندنەوەی سەرجەم کانیاوەکان و گەڕانەوەی ژیان بۆیان” هێژا عەبدولواحید وای وت.