دووانیان برینیان سەختە

لە شەڕی “قەرەجەکان” نۆ کەس بریندارن

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکی کاتژمێر 10:00 شەڕ لەنێوان چەند کەسێک دروستبووە لە سەیدسادق کە بە “قەرەج” ناسراون، نۆ کەسیان لێ بریندار بووە.

ئەیوب محەمەد بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بە 964ـی وت، شوێنەواری چەقۆ، دار و بەرد بە جەستەی بریندارەکانەوە بینراوە.

وتیشی، ” نۆ کەس بریندارن و چواریان لە بەشی فریاکەوتن چارەسەر وەردەگرن، کە برینی دووانیان قورسە و دەگوازرێنەوە بۆ سلێمانی، ئەوانی تر تەنیا ئاسەواری شەڕ بەسەر جەستەیان بووە”.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سەیدسادق بۆ 964 قسەی کرد دەڵێت، “چوار لەو کەسانە کاتێک شەڕەکەیان کردووە لەژێر کاریگەری مادەی کحولی بوون، بە چەقۆ یەکتریان زامدار کردووە، دووانیان چەقۆ بەر سەریان کەوتووە و برینەکەیان قورسە”.

ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس ئەوەشی وت، ئەو کەسانە ئامۆزای یەکتر بوون و کەسیان سکاڵایان لەسەر یەکتر نەبووە، پێنج کەسی دیکە کە لەنێوانیان بوون دەستگیرکران، بەڵام دواتر بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە و ئازادکراون.

ئەو شوێنەی شەڕەکە تێیدا روویداوە، لە نزیک گەڕەکی بەرکێوی قەزای سەیدسادقە، کە دەکەوێتە سەر رێگەی قەزای پێنجوێن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی