دادگای سلێمانی تایپی دانیشتنەکانی دادبینی دەکاتە ئەلیکترۆنی

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەمڕۆ دانیشتنێکی دادبینی لە دادگای سلێمانی بە تایپی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو و دادگاکە دەڵێت، بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دانیشتێکی دادبینی بەو جۆرە بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.8.2023، دادگای سلێمانی لە فەیسبوک رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی/3 لە دانیشتنێکی دادگا سیستمی تایپی ئەلیکترۆنی (دەنگ بۆ نوسین) بە سەرکەتویی تاقیکرایەوە.

بە وتەی دادگاکە، ئەم شێوازە لە کارکردن دەبێتە هۆی خێراترکردنی دادبینی و زوتر یەکلاییکردنەوەی داواکان.

“هەوڵەکانی دادگا بەردەوام دەبێت بۆ چەسپاندنی ئەو خزمەتگوزارییە لەناو سیستمی ئەلیکترۆنی و بەردەستبوونی بۆ سەرجەم دادگاکانی سەر بە سەرۆکایەتیمان”، دادگای سلێمانی وا دەڵێت.

راشیگەیاند، تایپی ئەلیکترۆنی کاریگەی راستەوخۆی دەبێت لەسەر خێراکردنی دادبینییەکان و کەمکردنەوەی ماندوبونی فەرمانبەران و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان و دادگاکانی کوردستانیش هەنگاوێکی گەورە دەباتە پێش.