کارەبای راپەڕین: هاوڵاتیان نزیکەی 33 ملیار دینار قەرزارن
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
هاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، بڕی نزیکەی 33 ملیار دینار پارەی کارەبا قەرزارن، ئەمە بە قسەی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای راپەڕین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.8.2023، عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گەیشتووەتە زياتر لە 104 هەزار و نزیکەی 33 ملیار دینار قەرزی کارەبایان لەلایە.
وتەکانی عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی راپەڕین لەلایەن فەیسبوکی وەزارەتی کارەبا بڵاوکراوەتەوە.
زۆربەی قەرزەکە لەلای هاوڵاتییانی ئاساییە و بڕەکەی دیکەی قەرزی میری، شوێنە بازرگانی، پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانە.
قەرزەکان بەم جۆرەن: ماڵان 21 ملیار دینار، بازرگانی چوار ملیار دینار، پیشەسازی سێ ملیار دینار، میری نزیکەی سێ ملیار دینار و کشتوکاڵیش نزیکەی دوو ملیار دینار.
“هاوبەشانی کارەبا دەتوانن تا رۆژی 20ـی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بە سودمەندبوون لە داشکاندنی 15%ـی کرێی کارەبا، قەرزەکانیان بدەنەوە”، وەزارەتی کارەبا وا دەڵێت.