تیمی ئەندازەی هاتوچۆی کفری هەڵوەشایەوە

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

تیمی ئەندازەیی لە ھاتوچۆی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بەھۆی کەمی کارمەندەوە ھەڵوەشاوەتەوە، ھاتوچۆی گەرمیانیش دەڵێت، نەمانی ئەو تیمە گرفتی دروستنەکردووە.

نزیکەی دوو مانگە تیمە ئەندازەییەکەی کفری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی گەرمیان لابراوە، ھەفتەی ڕۆژێک تیمی ئەندازەی ھاتوچۆ لە کەلار دەچن بۆ کفری تا چاکسازی لە ھێماکانی ھاتوچۆی ئەو قەزایە بکەن.

سامان عەلی وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان بە 964ی وت، “لابردنی ئەو تیمە ھیچ گرفتێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی ھێماکانی ھاتوچۆ لە قەزای کفری دروستنەکردووە، ئەو تیمەی بەڕێوەبەرایەتی فریای سەرجەم قەزا و ناحیەکانی ئیدارەی گەرمیان دەکەون”.

وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان وتیشی، بەھۆی کەمی کارمەندەوە ئەو تیمە ھەڵوەشاوەتەوە و کارمەندەکانیان ھێنراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی گەرمیان.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی