964 بڵاوبوونەوەی هێلکەیەکی تورکی خراپبوو لە بازاڕ ئاشکرا دەکات
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە مارکێتێکی زاخۆ جۆرێکی هێلکەی تورکی لە بازاڕ بڵاوبووەتەوە کە رێکەوتی بەسەرنەچوونی لەسەرە بەڵام تێکچووە و بە کەڵکی خواردن نایەت.
وەک لە ڤیدیۆکە دەیبینی، دوای شکاندنی هێلکەکە بۆن بۆگەنی لێدێت و بە کەڵکی خواردن نایەت، یونس مستەفا، خاوەن مارکێتەکەش بە پەیامنێری 964 دەڵێت: چەند کڕیارێک لەو هێلکەیەیان کڕیوە و گەڕاندوویانەتەوە.
بۆ ئەم پرسە پەیامنێری 964 پەیوەندی بە کوڤان ئاڤدەل، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی زاخۆ کرد، ئەو دەڵێت: ئەوان تەنیا چاودێری کەرەستەی ماوە بەسەرچوو دەکەن، ئەوانەی لەسەر کارتۆنەکانیان دیارە کە ماوەکەی بەسەرچووە.
بەڵام خاوەن مارکێتەکە دەڵێت: رێکەوتی بەسەر نەچووە، بەپێی رێکەوتەکە بێت نوێن، بەڵام کەڵکی خواردنی نییە.
د. حسێن عەلی، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری زاخۆ بە 964 وت: کەس ئاگاداری نەکردووین، بەڵام تیمەکان رادەسپێرین بۆ بازاڕ و سەردانی ئەو مارکێتە بکەن بۆ ئەوەی هەموو شوێنێک پشکنن.
حسێن عەلی دەشڵێت: پێدەچێت گەرمای توند ئەگەری خراپ بوونەکە بێت، بەڵام ئەمەش بیانوو نییە لەناو بازاڕ بمێنێت و دوکاندار و بازرگانەکان بیفروشن.
“شتێکی تریش هەیە کە شوفێر و بازرگانە بچووکەکان دەچنەوە تورکیا و بە قەبارەیەکی بچووک کەرەستە بەمەبەستی بازرگانی لەگەڵ خۆیان دێنن، بەڵام ئێمە چاودێری و بەدواداچوونی ورد دەکەین و ئەنجامیش رادەگەیەنین”. حسێن عەلی وای وت.
ئەمە لەکاتێکدایە قایمەقامیەتی زاخۆ بە هەماهەنگی تەندروستی روژانە بەدواداچوون بۆ بازاڕ دەکەن بۆ ئەوەی کۆنتروڵی کەرەستەی ماوەبەسەرچوو و گومانلێکراو لەناو بازار مەهێڵن.
داڕشتنەوە: فەرمان سادق