رۆمانی “داگیرکردنی تاریکی” بەختیار عەلی بە زمانی فارسی بڵاودەکرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
رۆمانی “داگیرکردنی تاریکی” رۆماننووس بەختیار عەلی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و ناوەڕاستی مانگی نۆی ئەمساڵ بڵاودەکرێتەوە.
رۆمانەکە لە لایەن وەرگێڕی رێگەپێدراوی ئەو نووسەرە بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕدراوە، کە مەریوان هەڵەبجەییە.
هاوشێوەی کتێبەکانی تری، ئەو رۆمانەش لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سالسەوە بڵاودەکرێتەوە، کە تەنیا چاپخانەی رێگەپێدراوی بەرهەمەکانی ئەو نووسەرەیە لە ئێران.
مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕ بۆ 964ـی روونکردەوە، لەگەڵ نووسینیدا لە لایەن نووسەرەوە ئەویش دەستی بە کاری وەرگێڕانی کردووە و دوای سێ جار پێداچوونەوە دوای تەواوکردنی رۆمانەکە لە لایەن نووسەرەوە، وەرگێڕانە فارسییەکەش ئامادە بووە.
وتیشی، “هۆکاری دواکەوتنی لە چاپ ئەوە بوو کە رێگەمان نەدا سانسۆر زیان بە کتێبەکە بگەیەنێت و بەرگەکەی و هەڵبژاردنیشی کاتی ویست”.
بەرگی رۆمانەکە بۆ زمانی فارسی تابلۆیەکی هونەرمەند بەرهەم حاجۆیە، کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە.
ئەوە دەیەم رۆمانی بەختیار عەلییە کە بە وەرگێڕانی مەریوان هەڵەبجەیی لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە سالسەوە بە زمانی فارسی بڵاودەکرێتەوە.
رۆمانی داگیکردنی تاریکی ساڵی 2020 بە زمانی کوردی بڵاوبووەوە. ناوەڕۆکەکەی گەشتێکی درێژە بە مێژووی نوێی تورکیادا و راوەستانە لەسەر رووی تاریک و خوێناوی ئەو مێژووە و شۆڕبوونەوەیە بە رۆحی داگیرکەرەکانی کوردستان و خەون و ترسەکانیاندا.