ئەمڕۆ لە دهۆک تەرمی دوو کەس دۆزرانەوە
964+
عەمارعەزیز – دهۆک
ئەمڕۆ لە دوو رووداوی جیا، تەرمی ژن و پیاوێک دۆزراونەتەوە لە پارێزگای دهۆک، تەمەنی هەردووکیان 45 ساڵە، هێشتا نازانرێت ژنەکە چ کارەیە، بەڵام پیاوەکە پێشمەرگەیە، بە قسەی پۆلیس.
هەردوو رووداوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی کانونی یەکەمی 2022 روویانداوە، ژنەکە لە ناحیەی دەرکاری قەزای زاخۆ بووە و پیاوەکەش لە ناحیەی دینارتەی قەزای ئاکرێ.
ئەمیر عەلی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ بە 964+ی وت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ کراوە، دواتر رەوانەی پزیشکی داد لەشاری دهۆک کراوە.
وتیشی، “تەنیا ئەوەندە دەزانین کۆژراوە، هێشتا وردەکاری بابەتەکە بەدەستمان نەگەیشتووە”.
لەلایەکی دیکە، عیماد حسێن، وتەبێژی پولیسی قەزای ئاکرێ بە 964+ی راگەیاند، “کاتژمێر 9:00ی سەرلەبەیانی، پولیسی ناحیەی دینارتە ئاگادارکرایەوە کە وا روداوێکی کوشتن روویداوە، دەستبەجێ پولیس لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوون، “دەرکەوت کەسێک بەناوی ئیبراهیم محەمەد، تەمەن 45 ساڵ لەناو ماڵەکەی خویدا بە سێ گولە کوژراوە”.
دەشڵێت، کوژراوەکە خێزاندارە و پێنج منداڵی هەیە، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە.
964+ زانیویەتی، ئەو کەسە پێشمەرگەیە و ماڵی لە گوندی مەزرینگانە سەر بە ناحیەی دینارتە.