بنکەی دابەشکردنی کتێبی خوێندنگەکان لە ناحیەی شۆڕش کرایەوە

+964
هۆگر عەدنان- چەمچەماڵ

بۆیەکەم جار لەسەر ئاستی ناحیەی شۆڕش و گشت ناحیەکانی دیکە، بنکەی دابەشکردنی کتێب بەسەر خوێندنگەکاندا کرایەوە
ئەم بنکەی کتێبەی ناحیەی شۆڕش، بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغییە لەسەر بنکەی دابەشکردنی کتێب بەسەر خوێندنگەکاندا لە ناوەندی قەزای چەمچەماڵ.

بنکەکە 500 هەزار کتێب لەخۆدەگرێت و زیاد لە 80 خوێندنگەی ناحیەی شۆڕش و ناحیەی سەنگاو دەتوانن لەم بنکەیەدا بەشە کتێبی خۆیان بۆ خوێندکارەکانیان ببەن.
یادگار عەبدولکەریم بەڕێوبەری ناحیەی شۆڕش بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەم بنکەی دابەشکردنی کتێبەیان بە هاوکاریی بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەی چەمچەماڵ کردووەتەوە و بۆ کارئاسانی خوێندگەکانی ناحیەی شۆڕش و ناحیەی سەنگاو، کە ژمارەیان 83 خوێندنگەیە بە گشت ئاستەکان و بڕی 500 هەزار کتێب ئامادەیە بۆ دابەشکردن بۆ گشت ئاستەکان و کتێبی سەرجەم بابەتەکان”.

رۆژی 20ی ئه‌م مانگه‌، ساڵنامەی پەروەردەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 ئاشکرا کرا، بەپێی ساڵنامەکە دەستپێکی خوێندن لە 13.9.2023 ده‌بێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا