لە گەرمیان 300 دۆنم زەوی بە گۆشت چێندراوە

+964
هونەر فارس

خاکە بە پیت و بەرەکەتەکەی گەرمیانە و یەکەم ساڵە چەند جوتیارێک تەجروبەی روواندنی بەروبوومی سۆیا لە گەرمیان تاقیدەکەنەوە و بۆ ئەمساڵ زیاد لە 300 دۆنم رووبەری زەوییان بە سۆیا چاندووە.

سۆیا یەكێک لە بەروبوومە پاقلەمەنییە هەرە دەوڵەمەندەکانە بە پرۆتین و لە خۆراکی ماسی و دروستکردنی زەیت و شیرەمەنیدا رۆڵێکی سەرەکی هەیە و زۆرکاتیش لەسەر سفرە و خوان دەبیندرێت و بەهۆی بەتامیەکەیەوە پێی دەوترێت گۆشتە وشکە.

سۆیا روەکێکە پشت بە ئاو دەبەستێت و ساڵانە لە دوو وەرزدا دەچێندرێت، وتەی جوتیارانیش هێندە بە بڕشتە یەک کیلۆ تا 300 کیلۆ بەرهەمی هەیە و هەر دۆنمێک تەنیا حەوت کیلۆی تێدا دەوەشێندرێت.

جوتیارانی گەرمیانیش دەیانەوێت ئەمساڵ مەزەندەی بڕشت و سا‌‌غبوونەوەی بەرهەمەکەیان بێتە دەست و ساڵێکی دیکە رووبەرێکی زیاتر بە سۆیا بچێنن.