وەزارەتی تەندروستی: لە دۆسیەی ئازاردانی منداڵەکەدا راستییەکان دەشێوێنرێن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی “ئازاردانی” منداڵە تازە لەدایکبووەکەی ھەولێر پێکهێنا و دەڵێت، نەخۆشخانەکە ھەوڵی شێواندنی راستییەکان دەدات.

لە روونکردنەوەیەکی نوێدا لەبارەی ئەو منداڵەی کە لەلایەن دوو کارمەندی نەخۆشخانەیەکی هەولێر “ئازار درا”، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، نەخۆشخانەکە بەردەوامە لە سەرپێچی و کاری نایاسایی، بۆیە لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ پاراستنی مافی نەخۆش لەسەر ئەم دۆسیەیە دادەنرێت.

“لەلایەن نەخۆشخانەكە هەوڵدراوە بۆ شێواندنی راستیەکان و پاساو هێنانەوە بۆ ئەم دیاردە قێزەوەنە و بەردەوامی سەرپێچی و كاری نایاسایی هەیە بەوەی هەوڵدەدرێت رای گشتی و پرۆسەی لێكۆڵینەوە بەلارێدا ببرێت و بشێوێندرێت”، وەزارەتی تەندروستی وا دەڵێت.

دەشڵێت، بەپێی یاسای مافی نەخۆش ژمارە 4ـی ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێکۆڵینەوەی کارپێکراو لێکۆڵینەوە کردن تەنها کاری وەزارەتی تەندروستیە و ئەوە کاری نەخۆشخانی ناوبراو نیە.

وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، ئەو کەسەی بەناوی سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەکە قسە دەکات رێگەپێدراو نییە و هیچ پەیوەندییەکی فەرمی بە نەخۆشخانەکەوە نییە.

“كارمەندەكانیش ناویان لە لیستی رێگەپێدراوی فەرمی نییە بۆ كاركردن لەم نەخۆشخانەیە، وە ئەو بەڕێزەی بەناوی نەخۆشخانە قسەدەكات تەواو نایاساییە، چونكە پزیشكی نیشتەجێی دێرینە و پسپۆڕ نیە بەڵکو لەژێر راهێنان و مەشقكردن دایە و بۆی نییە بەناوی نەخۆشخانە قسە بكات”، وەزارەتی تەندروستی وا دەڵێت.