ناحیەی رزگاری.وێنە.سۆشیال میدیا
سبەینێش باسی بە قەزابوونی رزگاری ناکات
964+
توانا نەقی
ماوەیەکە پرسی بە قەزابوونی ناحیەی رزگاری گەرمیان کەوتووەتەوە بەرباس و لە چەند رۆژی رابردووەدا زۆرترین داواکراوە بۆ بە قەزابوونی ناحیەکە.
ئیدارەی گەرمیانیش دەڵێت ئەوان خۆیان پێشنیازی ئەو بابەتەیان کردووە و هیچ لارییەکیان نییە لە بەقەزابوونی رزگاری.
وابڕیار بوو رۆژی چوارشەممە 23.8.2023 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر ئەو پرسە کۆببنەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، بەلام لە بەرنامەیی کاری کۆبوونەوەکە بە قەزابوونی رزگای تیادا نییە
محەمەد شێخ وەهاب ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و ئەندامی لیژنەی بە قەزابوونی رزگاری بە 964ـی وت، سبەینێ کۆدەبنەوە وەک ئەنجومەن، بەڵام باسی بە قەزابوونی رزگاری لە بەرنامەی کاردا نییە و رەنگە لە کۆبوونەوەی داهاتوو قسەی لەسەر بکەن
وتیشی، بە قەزابوون رێکاری یاسایی خۆی هەیە لەوانە سەرژمێری کردن بۆ ناحیەکە و ژمارەی دانیشتوان، بوونی فەرمانگەی تەواوی حکومی کە پێویستە لە قەزاکەدا هەبێت و چەند رێکارێکی دیکە، کە هێشتا ئیدارەی گەرمیان بۆیانی نەناردوون
لەلایەکی دیکەوە چۆمان ئەحمەد وتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە 964ـی وت، لە بنەڕەتدا پێشنیازی بوون بە قەزای رزگاری هی ئیدارەی گەرمیانەو لە ساڵی 2022ـەوە کاری بۆ دەکات.
وتیشی، بە هەموو شێوەیەک ئیدارەی گەرمیان دەیەوێت ناحیەکە ببێت بە قەزاو شیاوی ئەوەن.
ناحیەی رزگاری سەربە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە و نزیکەی 70 هەزار کەس دانیشتوانیەتی و تا ئێستا بەشێک لە فەرمانگەکانی تیادا نیە و دەبێت بچنە کەلار بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان.