هەڵبژاردەی سلێمانی بردنەوەیەکی سپی دەستەبەرکرد و سەرنەکەوت
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە پاڵەوانیەتیی جامی کۆماری عێراق، هەڵبژاردەی سلێمانی بردنەوەیەکی سپی بێ سوودی تۆمارکرد.
لە یارییەکانی گەڕی سێیەمی پاڵەوانیەتیی جامی کۆماری عێراق، بڕیاربوو هەڵبژاردەی تۆپی پێی سلێمانی لەسەر یاریگەی زانکۆ میوانداریی دهۆک بکات، بەڵام هەڵبژاردەی دهۆک بەهۆی تۆمارکردنی دوو شکستەوە لە رکابەرییەکە چووبوونە دەرەوە، بۆیە ئامادەی یارییەکە نەبوون.
دوای ئەوەی ناوبژیوان و تیمی هەڵبژاردەی سلێمانی بۆ ماوەی 15 خولەک لە گۆڕەپانی یاریگەدا چاوەڕوان بوون، دواجار فیکەی دۆڕاندن بۆ دهۆک لێدراو هەڵبژاردەی سلێمانی بردنەوەیەکی سپی بە 3-0 گۆڵ بۆ هەژمار کرا.
سەرەڕای بردنەوەی سلێمانی، بەڵام بە دەرکەوتنی ئەنجامی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی هەولێر و کەرکوک، کە بە یەکسان بە گۆڵێک کۆتایی هات، هەڵبژاردەی سلێمانی نەیتوانی بگاتە قۆناغێ داهاتوو.
هەرێم بورهان راهێنەری هەڵبژاردەی سلێمانی بە 964ـی وت، “حەزمان دەکرد هەڵبژاردەی دهۆک ئامادەی یارییەکە بێت، بەڵام ئەوان ئامادەی یاریکردن نەبوون”.
هەرێم بورهان ئەوەش دەڵێت، “ئێمە باجی بەشێک لە یاریزانانی یانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانیمان دا، کە ئامادەنەبوون بۆ هەڵبژاردەکە یاریی بکەن”.
هەڵبژاردەی تۆپی پێی سلێمانی دوای یەک بردنەوە و دوو یەکسان بوون، بە کۆی حەوت خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ، پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دەستەبەرکرد، بلیتی سەرکەوتن بووە بەشی هەڵبژاردەکانی هەولێر و کەرکوک.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی