بازرگانانی بەنگلادیش قوماش دەهێننە هەولێر

964+

فەهمی نەبی

ژووری بازرگانی هەولێر بەنیازە بازرگانانی بەنگلادیش و هەولێر لە ئیڤێنتێک کۆبکاتەوە، بەرپرسێکی ژووری بازرگانی دەڵێت، بازرگانانی بەنگلادیش دەیانەوێت قوماش و قاتی ئامادەکراو نیشانی بازرگانانی هەولێر بدەن.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە 23.8.2023 ئەو ئیڤێنتە لە هەولێر بەڕێوەبچێت، ئەو رۆژە بالیۆزی بەنگلادیش لە عێراق دێتە ئیڤێنتەکە و ئامادە دەبێت.

عومەر خدر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ژووری بازرگانی هەولێر بۆ 964 قسەیکرد وتی، چەندین بازرگانمان داوەتکردووە، ئامانجەکە ئەوەیە بازرگانانی هەولێر ئاشنای شێواز و نرخی ئەو قوماش و قاتانە بن کە لەلایەن بازرگانانی بەنگلادیشەوە نیشاندەدرێن.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ژووری بازرگانی هەولێر ئەوەش دەڵێت، ئێستا لە هەرێمی کوردستان قوماشی هەریەکە لە وڵاتەکانی وەک چین، هیندستان، پاکستان و کۆریای باشوور هەن، بەنگلادیش دەیەوێت بێتە گۆڕەپانەکە.

بەگوێرەی زانیارییە ئابورییەکان، ساڵی رابردوو بەنگلادیش بەبەهای زیاتر لە 42 ملیار دۆلار قوماش و جلوبەرگی هەناردەی وڵاتانی جیهان دەکات.