وێنەی کای سیناتی ستریمەر پێش ئەوەی بخەوێت گرافیک: 964
بە خەوتوویی پارە وەردەگرن
+964
ئەحمەد عەبدوڵا
لای هەموومان خەو بۆ پشوودان و دوورکەوتنەوەیە لە کارکردن و جەنجاڵیی ژیان، بەڵام هەندێک کەس رێگایەکیان دۆزیوەتەوە خەوتنەکەشیان پارەیان بۆ پەیدا دەکات.
پلاتفۆرمە ڤیدیۆییەکانی وەک یوتوب، تویچ و تیکتۆک پڕبوون لەو ستریمەرانە، کە پێیان دەوترێت (sleep streamers)، ئەوان زۆر بە ئاسانی لە ژێر بەتانییەوە ڵایڤ بۆ بینەرەکانیان دەکەنەوە و لێی دەخەون.
کای سینات، یەکێکە لە بەناوبانگترین ستریمەرەکانی ئەو بوارەیە، کای بۆ ماوەی مانگێک بێ وەستان ژیانی خۆی ستریم کرد و لەو کارەدا سەدان هەزار دۆلاری دەستکەوت.
یەکێکی دیکە لە ستریمەرەکان بە ناوی ئەمۆنراس رایگەیاند، تەنیا لە مانگی تەمموز 15 هەزار دۆلاری دەستکەوتووە.
بینەرانی ئەو ڵایڤ ستریمانە چێژ لە چاڵێنجکردنی ستریمەرەکان دەبینن و هەوڵ دەدەن لە خەو هەڵیان بستێنن، یان کارێک بکەن کە خەویان لێنەکەوێت.
ئەم جۆرە ستریمە تازە نییە لە سەرەتای دوو هەزارەکان بەرنامەیەک پەخش دەکرا بە ناوی Big brother کە 24 کاتژمێر راستەوخۆ دەگوازرایەوە و بووە یەکێک لە پڕبینەرترین بەرنامەکانی ئەو سەردەمە، لە ساڵی 2004یش National portrait gallery ڤیدیۆیەکی یەک کاتژمێری دەیڤید بێکهامی بە خەوتوویی بڵاوکردەوە.