300 کەس لە دهۆک پاتریی دڵیان بۆ دانراوە

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

نەخۆشی دڵ و دانانی پاتری بۆ دڵ لە دهۆک زیادی کردووە و تا ئێستا 300 کەس پاتریی دڵیان بۆ دانراوە.

پزیشکێکی تایبەتمەندی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو لە دهۆک ئاشکرای دەکات، نەخۆشیی دڵ و دانانی پاتری بۆ دڵ لە پارێزگاکە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

دکتۆر ماهیر دۆسکی، پزیشکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ بە 964ـی وت، نەخۆشییەکانی دڵ رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەکات، دانانی پاتریش بۆ دڵ وەک چارەسەرێک رووی لە زیاد بوون کردووە.

وتیشی، پاتری دڵ جۆری زۆرە لەوانە یەک هێڵ، دوو هێڵ و سێ هێڵ، کاتێکیش دادەنرێت بۆ نەخۆش، کە لێدانی دڵی لە 40% کەمتربێت، واتە نەخۆشەکە هەست بە بێتاقەتی و لەهۆشخۆچوون بکات، پاترییەکە لێدانی دڵ بۆ زیاتر لە 60% بەرزدەکاتەوە.

پزیشکەکە دەڵێت، زۆربەی پاترییەکان 10 ساڵ بە بەردەوامیی کاری خۆی دەکات و نەخۆشیش شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشک دەکات بۆ ئەوەی پاترییەکە پرۆگرام بکرێتەوە.

نەشتەرگەری دانانی پاتری بۆ دڵ 40 خولەکی پێدەچێت و بەیانی بۆ نەخؤش دادەنرێت و ئێوارە رەوانەی ماڵەوە دەکرێتەوە.

لە پارێزگای دهۆک تا ئێستا بۆ 300 کەس پاتریی دڵ دانراوە و رێژەکەش لە چاو ساڵی پاردا بە قسەی ئەو پزیشکە 20% زیادی کردووە، هەروەها  بۆ منداڵ تا تەمەنی سەروو 50 ساڵ دانراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی