ژینگە پارێزان چوار رۆژ مانیان گرت

بازاڕ و کۆڵانەکانی سۆران لە زبڵ و خاشاکە زۆرەکە پاکدەکرێنەوە

964+

توانا نەقی

ماوەی چوار رۆژ ژینگە پارێزانی سۆران بەهۆی نەدانی موچەکانیان مانیان گرتبوو لە کارکردن و پاکردنەوەی شارەکە لە زبڵ و خاشاک.

زبڵو خاشاک کۆڵان و شەقام و بازاڕەکانی سۆرانی تەنیوە ئیستا دەستکراوەتەوە بە پاککردنەوەی و شارەوانیش دەڵێت هەرخۆی کۆمپانیای پاککەرەوەکە تەنیا ئەم مانگە گرێبەستیان ماوە لەگەڵیان.

سەلوا شۆڕۆ سەرۆکی شارەوانی سۆران بە 964ـی وت، چوار رۆژ بوو هیچ شوێنێکی قەزای سۆران پاکنەکرابووەوە ئێستا دەستکراوە بە پاکردنەوەی ئەو جێگەیانە.

وتیشی، لە سنوری لە قەزای سۆران یەک کۆمپانیای پاککەرەوە هەیە ئەویش پاپاگروپە بەهۆی پێنەدانی موچەی ژینگەپارێزەکانی مانیان گرتووە.

پێشتریش کۆمپانیاکە بە 964ـی راگەیەندووە، کرێکارەکانیان باری دارییان خراپە زۆربەیان خێزاندارن و کرێنیشنن موچەکانیان بەشی بژێوی ژیانیان ناکات، ئەو بڕە موچەیەش لەکاتی خۆیان پێنادرێت، ئەوان وەک کۆمپانیا پارەیان قەرزکردووە بۆ پێدانی موچەکانیان لەوە زیاتر توانیان نییە پارە قەرزبکەن، پێویسته حکومەت شایسته داریەکانیان بۆ خەرج بکات.

سنوری کۆمپانیای پاپا گرووپ لەحاجی ئۆمەران تاوەکو شیلادزێیە بەوتەی بەرپرسانی کۆمپانیاکە زیاتر لە 700 کرێکار کاری تێدادەکەن، رۆژانە سەدان تۆن زبڵ و خاشاک و پاشماوە لە سنوری خۆیان کۆدەکەنەوە.