کورتەباڵاکانی دهۆک بەدوای دەرفەتی کار دەگەڕێن
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی دهۆک داوا دەکات هەلی کار بۆ کورتەباڵایان بڕەخسێت چونکە زۆربەیان بڕوانامەیان هەیە.
لە پارێزگای دهۆک 253 کورتە باڵا هەن، لەو رێژەیە تەنیا 165 کەس لە سەنتەری پارێزگای دهۆکن، 46 کورتەباڵا لە قەزای زاخۆ و 30 لە قەزای ئاکرێ و 12 لە قەزای ئامێدی هەن.
نەسیبا یاسین، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵایانی دهۆک بە 964ی وت، “ئەو گەنجانەی وەک کورتەباڵا لای ئێمە ناویان تۆمارکراوە، پێویستی زۆریان بەکارە، بەتایبەت 50 ئەنداممان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن”.
سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵایانی دهۆک دەڵێت، “پلان و پڕۆژەمان زۆرە، بەڵام نەبوونی بودجە کاریگەری زۆری لەسەر دروستکردووین، ناتوانین هیچ بۆ ئەندامەکانمان بکەین”.
نەسرین حەمید، کورتەباڵایە دەرچووی پەیمانگەیە بە 964ی وت، “دەرچووی بەشی کارگێڕی کارم، بەڵام ئەوە چەند ساڵە کارم دەستناکەوێت، ئەگەرچی بەشداری چەندین خولم کردووە”.
لەساڵی 2013-ەوە تا ئێستا ئەندامەکانمان هیچ موچەیەکیان نییە، هەندێکیان موچەی 150 هەزار دیناریان هەیە”. نەسیبا یاسین وای وت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی