مێرمنداڵێکی ئاکرەیی لە دوێنێوە بێسەروشوێنە
+964
زەید کۆچەر- دهۆک
مێرمنداڵیکی خەڵکی قەزای ئاکرێ لە دوێنێوە ون بووە و کەس سۆراغی نازانێت و پۆلیس دەلێت هەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوەی بەردەوامە
فەهد ناجی عەلی، تەمەن 13 ساڵ لە دوێنی چوارشەممەوە لە ماڵ دەرکەوتووە و سۆراغی دیار نییە و خێزانەکەی دەڵێن هیچی لێ نازانین.
ناجی عەلی، باوکی ئەو مێرمنداڵەیە و بۆ 964ی وتی، کوڕەکەم بچووکی ماڵەوەیە و تەنیا یەک برا و سێ خوشکی هەیە، لە دوێنێ بەیانییەکەی لە ماڵەوە دەرچووە و هیچ نەخۆشییەکی دەروونی نییە و ساخلەمە، بەلام نازانین بۆ لە ماڵەوە دەرچووە و تا ئیستا دیار نییە، ئێمە وا بیرمان کردەوە کە چووەتە ماڵی خزمەکان، کەچی لە هیچ کامیان نەبوو، لە هەموو شوینیک گەڕاوین و سۆراغی نییە.
964 لە باوکی فەهدی پرسی، ئایا هیچ عاجزییەک لە ماڵەوە روویداوە، کە بووبێتە هۆی رۆیشتنی، ئەو وتی، پێش دوو شەو هەندێک ئامۆژگاریم کردووە، پێم وتبوو لە ماڵ مەچووە دەرەوە و لەگەڵ هاوڕێی خراپ مەگەڕێ، بەڵام بەم شێوازە نەبووە کەوا دەربچێت لە ماڵ، هیوادارم هەموو کەسیک هاوکارمان بێت بۆ دۆزینەوەی.
موقەدەم عیماد حوسێن ئیبراهیم، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ بە 964ی وت، ئەم مێرمنداڵە دانیشتووی قەزای ئاکرێیە و لە گەڕەکی کوچینە، هەر دوێنی خێزانەکەی هاتوون بۆ لای پۆلیس و بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی، تا ئێستاش نەدۆزراوەتەوە و هیچ سۆراغی دیار نییە، بەلام هەوڵەکان بەردەوامن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا