هەردوو گەڕەکی لیوا رەشەکەو جەمەلۆنەکە قەرەبوو دەکرێنەوە

964+
هونەر فارس – میلاد جەلال – کەلار

دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکە قەرەبوو کرانەوە. سوودمەنێکیش داوا دەکات پارەیان پێ بدرێت بۆ دروستکردنی خانوو.

ئەمڕۆ ١٤ـی کانونی یەکەم، لە هۆڵی شارەوانی کەلار بە ئامادەبوونی دادوەری گشتی و بەرپرسی بەشی گرێبەستەکانی شارەوانی و ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، ١٠٣ پارچە زەوی وەک وەجبەی یەکەم بەسەر دانیشتوانی هەردوو گەڕەکی لیواڕەشەکە و جەمەلۆنەکە دابەشکرا.

بڕیارەکە دوای فەرمانێکی ئەنجوومەنی وەزیران دێت بە نووسراوی ژمارە (٣٣٣٩) لە شەشی تشرینی یەکەمی رابردوو دەرچووە. نووسراوەکە خۆی لە سێ بڕگە دەبینێتەوە کە بڕگەی یەکەم دابەشکردنی ١٦٣ پارچە زەوی ٢٠٠ مەترییە بەسەر دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی لیوا رەشەکەو جەمەلۆنەکە، لە بڕگەی دووەمیشدا هاتووە کە شوێنی ئێستایان دەبێتە موڵکی شارەوانی و بڕگەی سێیەمیش دەڵێ لە رۆژی دەرچوونی فەرمانەکە، دەچێتە بواری جێبەجێ کردن.

گەڕەکی لیوا رەشەکەو جەمەلۆنەکە، شوێنی دوو سەربازگەی کۆنی رژێمی بەعس بوون، دوای پڕۆسەی ئازادی ژمارەیەک خێزان بە ناچاری بەمەبەستی ژیانکردن تێیدا نیشتەجێ بوون. دانیشتووانی لیوا رەشەکە ١٥٠ ماڵ دەبن و جەمەلۆنەکەش ١٣ ماڵ دەبن.

ئەوەی ئەمڕۆ دابەشکرا خۆی لە ١٠٣ پارچە زەوی دەبینێتەوە، بەپێی بریاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بێت دەبێت ئەوانەی زەوییەکانیان وەگرتووە لەماوەی سێ مانگ شوێنەکەی ئێستایان چۆڵ بکەن.

مستەفا خورشید، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە ناڕازیبوو لە شێوازی دابەشکردنەکە و دەڵێت؛ دەمانەوێت ھەموو ناوەکان پێکەوە تیروپشکیان بۆ بکرێت و جیامان نەکەنەوە لەوانی دیکە، وتی “بەهۆیی نالەباریی ژیانیانەوە توانای دروستکردنی خانوومان نیە، داوادەکەین لەگەڵ وەرگرتنی زەوییەکەدا بڕە پارەیەکیشیان پێبدرێت”.

یەکێکی دیکە لەو هاوڵاتیانەی سوومەند بووە لە وەرگرتنی زەوی قەرەبوو، یاسین عومەری تەمەن ٤٦ ساڵە کە باوکی حەت منداڵە، وەک دەڵێ؛ ماوەی ١٧ ساڵە بەھۆی خراپی باری داراییەوە لە گەڕەکی لیوا رەشەکەی کەلار، لەناو خانوێکی کۆندا ژیان بەسەر دەبات.

زیاتر وتی “بە ناچاری لەو جێگەیە ماوەمەتەوە، بەشێکی خانووەکە گڵە و بەشێکی چینکۆیە، زستانان دۆخی ژیانیان قورستر دەبێت و لە کاتی رەشەبا و باران منداڵەکانی دەترسن، بۆیە دڵخۆشم بەو پارچە زەوییەو هیوادارم حکومەت کۆمەکمان بکات لە دروستکردنی خانووەکە”.

واحید بەھجەت، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی تیروپشکەکە بە 964+ـی وت؛ ناتوانن بەیەکجار تیروپشک بۆ ھەموو دانیشتووانی لیوا رەشەکە بکەین، چونکە ژمارەیان زۆرە بۆیە کردویانە بە گروپات، دەشڵێت پرۆسەکە بەردەوامی ئەبێت بەشێوەی گروپات تاکوو ھەموویان قەرەبوو وەردەگرن.