ئاڵودەبووانی مادەی هۆشبەر لە دهۆک رەچەتەی پزیشک ساختە دەکەن

+964

زەید کۆچەر – دهۆک

لە پارێزگای دهۆک فێڵیک ئاشکرا بووە، کەسانێک دەستکاری ئەو رەچەتەیە دەکەن، کە پزیشک بۆیان دەنووسن و دەچن ساختەی دەکەن و هەندێک جۆری دەرمان دەنووسن، کە وەک مادەی هۆشبەر بەکاردێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.8.2023، د.میڤان جومعە، پزیشکی دەرمانساز و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون لە سەندیکای دەرمانسازان لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، بەشێک لە پزیشکەکان تەنیا واژۆ و ناوی نەخۆش لەسەر ئەو رەچەتەیە دەنووسن، کە دەیدەن بە نەخۆش و مۆری ناکەن، بۆیە بە ئاسانی دەتوانرێت ساختە بکرێت یاخود دەرمانی دیکەی بۆ زیاد بکرێت.

“هەندێک کەس کە ئاڵودەی مادەی هۆشبەرن، ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە و ئێستا ئەم دیاردەیە لە دهۆک زیادی کردووە، کاتێک پزیشک دەرمان دەنووسێت، تەنیا واژۆی رەچەتەکە دەکات و رێکەوت دەنوسێت، مۆری لەگەڵدا نییە، بۆیە دەتوانن ساختەی بکەن و دەرمانی بۆ زیاد بکەن”، د. میڤان جومعە وای وت.

ئەو دەرمانانەی کە بەزۆری وەک مادەی هۆشبەر بەکاردێن ئەمانەن: Tramadol am، Misoprostol tab، pulmocodin، Para-codeine و هەندێک جۆری دیکەی دەرمان.

د. میڤان جومعە دەڵێت، ئەو دەرمانانە دەبێت تەنیا پزیشکی پسپۆر بیاننووسن.

سەندیکای دەرمانسازان پلانیان وایە ئاگاداری گشت پزیشک و دەرمانخانەکان بکەن، کە ئاگاداری ئەم حاڵەتانە بن، چونکە ئێستا زۆر بووە لە ناو خەڵکدا.

بە پێی زانیارییەکانی 964، ژمارەیەک گومانلێکراو دەستنیشانکراون تا دەستگیربکرێن، بەهۆی ئەوەی لە دەرمانخانەکانی دهۆکدا بە زۆر دەرمانیان لە دەرمانسازەکان وەرگرتووە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر