دوای نزیکەی 30 ساڵ دابڕان دڵشاد کوێستانی گۆرانی دەڵێتەوە

+964

پەرستۆ ساڵح

هونەرمەندی شێوەکار دڵشاد کوێستانی لە تەمەنی 66 ساڵی دەگەڕێتەوە ناو هونەری گۆرانیوتن  و کلیپێک بە ناوی “جێمەهێڵە” بڵاودەکاتەوە.

دڵشاد کوێستانی ساڵانێکە لە ناو هونەری شێوەکاریدا دەژی و زیاتر لە 70 پێشانگای کردووەتەوە، بەڵام دوای نزیکەی 30 ساڵ دابڕان, دەیەوێت خەونی منداڵی بگەڕێنێتەوە و بێتەوە ناو جیهانی گۆرانیوتن، لە لێدوانێکی تایبەتیشدا بۆ 964 وتی، “بەر لە سێ ساڵ هۆنراوەی گۆرانییەکم نووسیوە بە ناوی جێمەهێڵە و خۆشم ئاوازم بۆ داناوە، باس لە دابڕانی خۆشەویستی و نیشتمان دەکات، چونکە کاتێک مرۆڤ تاریکی دەبینێت ناهەق نییە، کە لە دڵیدا هیوایەک نەبێت”

سەرەتای دەرکەوتنی دڵشاد کوێستانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان و بە شیعر و گۆرانی دەستپێدەکات و چەند گۆرانیەک تۆماردەکات، وەک سەمای مەرگ و دووری، دوایین بەرهەمیشی بە ناوی ژووان بووە لە ساڵی 1994، بەڵام بارودۆخی ئەو کاتەی کوردستان هۆکار دەبێت بۆ فەوتانی بەشێک لە بەرهەمەکانی.

دڵشاد کوێستانی لە فەرەنسا خاوەنی گەلەری تایبەت بە خۆیەتی و  بۆ 964 دەڵێت، “کاتێک چوومە ئەوروپا پیشەی سەرەکیم بووە هونەری شێوەکاری و گرنگییەکی تایبەتم پێدا، بەشداریم لە زیاتر 70 پێشانگای نێودەوڵەتی کردووە لە وڵاتەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و ئیسپانیا”

964 دەزانێت کوێستانی تەنیا لە شێوەکاری و گۆرانیوتن بەهرەمەند نییە ، بەڵکو کاری نواندنیشی کردووە و لە چەند فیلمێکی فەرەنسی و کوردیدا بەشداری کردووە وەک فیلمی فەرەنسی” ALEPH by Stephanie
“.

دڵشاد محەممەد ئەمین مەجید، لە ساڵی 1957 لە گەڕەکی ئیمام قاسم لە کەرکوک لە دایک بووە.