کۆرنیش لەسەر رووباری “رووی شین” دروست دەکرێت

+964
هیڤی دێوالی-دهۆک

بڕیارە کورنیشێک لەسەر رووباری رووی شین لە کۆمەلگەی سیرێ دروست بکرێت، کە دەکەوێتە ناحیەی شێلادزێ.

ناحیەی شێلادزی بەناوبانگە بە ئاو و شوێنەکانی، بەهۆی بوونی دوو رووباری گەورە “رووباری رووی شین و رووباری زێی گەورە” ، شوێنێکی فێنک و جیاوازە گەشتیاران رووی لە رووباری رووی شین دەکەن بۆ مەلەکردن و نمایشی جۆراوجۆری مەلەکردن.

پارێزگای دهۆک لە رووی شوێنی گەشتیاری زیاتر 900 بنکەی گەشتیاری و 250 هاوینەهەواری هەیە.

سەربەست حوسێن، سەرۆکی شارەوانیی شێلادزێ بە 964ی وت، ئێمە دیزاینمان بۆ پرۆژەی کۆرنیش لەسەر رووباری رووی شین دروستکردووە.

وتیشی، پرۆژەی کۆرنیشی رووی شین پێکدێت لە چەند پارکێکی گەورە و کافتیریا بۆ کرێ، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر گەشتوگوزار و هەلی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە لە داهاتوودا.

پێشبینیی دەکەین لە ماوەی مانگێکدا ماستەرپلانی پڕۆژەکە تەواو ببێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”، سەربەست حوسێن وای وت”.

ناحیەی شێلادزی زیاتر 50 هەزار کەسی لێدەژین، سەر بە قەزای ئامێدییە و 100 کیلۆمەتر لە پارێزگای دهۆکەوە دوورە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا