كار بۆ دروستكردنى دادگایەکی تایبەت بە ژنکوشتن ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

رێكخراوێكی یاسایی تایبه‌ت به‌ ژنان، كار بۆ دروستكردنى دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌ كوشتنى ژنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پارێزه‌رێكیش له‌و رێكخراوه‌ ده‌ڵێت، ماوه‌ى ساڵێكه‌ خه‌ریكن.

رێکخراوی هاریكاری یاسایی ژنان، له‌لایه‌ن ژمارەیەک ژنە پارێزەر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و کار لەسەر پرسەکانی ژنان و کەیسەکانیان دەکات.

گۆنا مه‌جید، پارێزه‌ر و ئه‌ندامى ئه‌و رێكخراوه‌، به‌ 964ـى وت “ماوەی ساڵێکە کار لەسەر ئەو پرسە دەکەین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەردەوامین لە هەوڵەکانمان”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هەبوونی دادگایەک تایبەت بە کەیسەکانی ژنکوشتن جێی داخە، بەڵام لەئێستادا واقیعی كۆمەڵگە پێویستی بەو جۆره‌ دادگایە هەیە.

باس له‌وه‌شده‌كات، هۆکارەکانی زیادبوونی کەیسەکانی ژن کوشتن و هەوڵەکان بۆ بەلاڕێدابردنی کەیسەکان و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو پرسە، هۆكارى سه‌ره‌كى كاركردنیانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌.

گۆنا ده‌ڵێت “کەیسەکانی کوشتنى ژنان، رۆژ بە رۆژ روو لە زیاد بوونە، له‌به‌رامبه‌ریشدا پرۆسەی  یەکلایکردنەوەی کەیسەکان لە دادگا بەشێوەیه‌کی سست بەرێوە دەچێت”.

هۆكارێكی دیكه‌ كه‌ گۆنا مه‌جید باسیده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هەندێک جار بۆ ئەوەی پیاوە تۆمەتبارەکە لە سزا و یاسا دەربازبکرێت (راپۆرتی ده‌روونی) بۆ دروستدەکەن، تا وادەری بخەن لەژێر “فشاری دەروونی و نەخۆشی دەروونی” ئەو کارەی ئەنجامداوە.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 تا ئێستا ئامارێكی فه‌رمى له‌لایه‌ن لایه‌نى په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌رێمه‌وه‌، له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانى ژنكوشتن بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، به ‌بیانوى ئه‌وه‌ى نایانه‌وێت ترس و دڵه‌راوكێ به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ژماره‌كان بۆ خه‌ڵكی دروست بكه‌ن.