ژینگەپارێزانی هەولیر خەریکی پاککردنەوەی دامێنی قەڵای هەولیرن. وێنە:بەڕێوەبەرایەتی ژینگەپارێزی هەولێر.
%90ی زبڵی دەوروبەری قەڵای هەولێر دەبەی ئاوە
964+
فەهمی نەبی
تیمێکی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر هەفتانە ئەو زبڵ و دەبانەی لە دەوروبەری قەڵای هەولێر کەوتوون هەڵیاندەگرنەوە، بەرپرسانی ژینگەپارێز دەڵێن، رێژەی هەرە زۆری ئەو پاشماوەیەی لە دامێن و دەوروبەری قەڵای هەولێر هەڵیدەگیرێتەوە دەبەی ئاوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەو تیمەی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر، هەڵمەتی هەفتانەیان بۆ پاککردنەوەی دامێنی قەڵا و دەوروبەری ئەنجامداوە، ئەوان زبڵ و دەبەی فڕێدراو هەڵدەگرنەوە.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بۆ 964 وتی، “رۆژانە بەشی سەرەوەی قەڵای هەولێر پاک دەکەینەوە، بەڵام بۆ پاککردنەوەی دەوروبەری قەڵای هەولێر هەفتانە ئەو هەڵمەتە دەکەین”.
بەوتەی ژیار جەلال، لە وەرزی هاوین %90ی ئەو زبڵەی لەدەوروبەری قەڵا و لە دامێنی قەڵای هەولێر هەڵدەگیرێتەوە، دەبەی ئاوە، کە ژمارەیان ئێجگار زۆرە.
964 پرسیاری ئەوەی کردووە، لەکاتێکدا دامێنی قەڵای هەولێر هیچ کەسی بەسەرەوە نییە، چۆن زبڵ دەگاتە ئەو شوێنە؟ بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر دەڵێت: خەڵک هەیە ئەو پاشماوەیەی لەدەستیەتی فڕێیدەداتە دامێنی قەڵا، یان ئەو عارەبانانەی لەو ناوە کاردەکەن ئەو پاشماوەی هەیانە بەجێی دێڵن یان فڕێیدەدەنە دەوروبەری قەڵا، ئەگەر پاکنەکرێتەوە رێژەیەکی زۆری زبڵ و پاشماوە کۆدەبێتەوە و بەمەش سیمایەکی ناشرین وەردەگرێت.
بەپێی ئەو خشتەیەی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر دایناوە، ناو بازاڕی هەولێر لەماوەیەی شەو و رۆژێکدا، نۆ جار پاک دەکرێتەوە.