تەرمی شوفێرێکی تاکسی بە کوژراوی دۆزرایەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی، دوێنی ئۆتۆمبێلەکەی و ئەمڕۆش تەرمی شوفێرەکە لەسەر رێگای حەولی کەرکوک بەغداد نزیک لە ناحیەی لەیلان دۆزرایەوە.
شوفێری تاکسییەکە تەمەنی 44 ساڵە، خەڵکی ناحیەی سلێمان بەگی سەر بە قەزای دوزخورماتووە و دوو رۆژ پێش ئێستا رێبوارێکی سەرخستووە بۆ دەرەوەی ناحیەی سلێمان بەگ، بەڵام چۆن رۆیشتووە، نەگەڕاوەتەوە.
لەسەر دیارنەمانی کەسوکاری پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکەن و پێیان دەڵێن، کاتێک گەیشتووەتە سنووری شاری کەرکوک، مۆبایلەکەی داخراوە.
لە پێرێوە پۆلیس بەدواداچوون بۆ شوێنبزر بوونی پۆلیسەکە دەستپێ کردووە و دوێنێ دووشەممە ئۆتۆمبێلەکەیان لە نزیک ناوچەی پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە کەرکوک دۆزیەوە.
عەمیدی پۆلیس، حسێن عەلی، بەڕێوبەری پۆلیسی دوزخورماتوو بە 964ـی وت: بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی کەرکوک دوێنێ ئۆتۆمبێلەکەی دۆزرایەوە و ئەمڕۆش لە نزیک ناحیەی لەیلان تەرمەکەی دۆزرایەوە.
دەشڵێت: تەرمەکەی شوێنهواری فیشهك بهسهر جهستهیهوه دیاره، رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کراوە.