کرێکاران کێشەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیان هەیە
964+
دیلان محەمەد جەزا
زۆرێک لەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیان هەیە، گلەییان هەیە و دەڵێن، خاوەن کارەکان زۆر جار فێڵیان لێ دەکەن و پارەی دەستەبەری ئەو ساڵانەی کاریان کردووە بۆیان نەداون.
زاهیر عەلی چێشتلێنەرە بە 964 وت، پێنج ساڵ لە چێشتخانەیەک کاری کردووە، خاوەن کارەکە مانگانە بەشێکی لە موچەکەی بڕیوە بۆدەستەبەری کۆمەڵایەتی.
دوای وازهێنانی لەو کارە پرسیاریکردووە خاوەن کارەکەی پارەی تەنیا یەک ساڵی بۆ داوە و پارەی ساڵەکانی تری بۆ نەداوە.
لەسەر ئەم بابەتە چالاک رەوف سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی سلێمانی بە 964 وت، ئەو کرێکارانەی لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ناویان تۆمار کراوە، بۆ ئەوەی خانەنشینی بیانگرێتەوە 48 هەزار و 553 کرێکارن، تا ئێستا 260 کرێکار خانەنشینیان بۆ بڕاوەتەوە.
بەپێی یاسا دەبێت خاوەنکار دەستەبەر بۆ کرێکارەکانی بکات، گەر بۆی نەکرد کرێکار دەتوانێت لە سەندیکای کرێکاران یاخود دەستەبەری کۆمەڵایەتی سکاڵا بکات بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی.
گەر سەلمێندرا ئەو کرێکارە چەند ساڵ کاریکردووە لای خاوەنکارەکەی و پارەی دەستەبەری بۆ نەداوە، ئەوا خاوەنکارەکە سزا دەدرێت و پارەی دەستەبەری کرێکارەکەش دەگەڕێندرێتەوە.
لیژنەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەگەڕێن بۆ تۆمارکردنی ناوی کرێکاران، کە لە شوێنەکاندا کار دەکەن، بەڵام هەندێک لە کرێکاران بەچەند بیانوویەک ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە.
رێکارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی توندن، دەبێت پیاو تەمەنی 60 ساڵ بێت و 20 ساڵ پارەی دەستەبەری بۆ درا بێت، بۆ ژن دەبێت تەمەنی 55 ساڵ بێت، ماوەی 20 ساڵ پارەی دەستەبەری بۆ درا بێت، پاشان دەتوانێت موچەی خانەنشینی وەربگرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی