دوای سێ ساڵ باندێکی دزیکردن دەستگیرکران

964+

فەرمان سادق

دوای سێ ساڵ باندێکی دزیکردن دەستگیرکران کە 50 ملیۆن دیناریان لە هاوڵاتیەک دزی بوو.

رووداوی دزینی 50 ملیۆن دینار لە هاوڵاتیەک کە ئیشی ئاڵوگۆڕی دراو دەکات لەناو بازاڕی قەڵادزێ دەگەڕێتەوە بۆ 11.8.2020 کە لەلایەن باندێکی سێ کەسی دزیەکە ئەنجامدراوە.

هەر هەمان رۆژ یەکێک لەو باندە لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر دەستگیرکرا و هاوکات لە دەربەندی رانیەش هەر هەمان رۆژ دەستگیرا بوو بەسەر ماتۆڕسکیلێکدا کە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە بەکار هێندراوە.

کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی دوو کەسی دیکەی باندەکەی راگەیاند کە سێ ساڵ پێش ئێستا تۆمەتبارکراون بە دزینی 50 ملیۆن دینارەکە.

پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: ئەوان دانیشتووی شاری هەولێرن و دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیانناوە بە تاوانەکەیان و دەرکەوتووە ئەوان پارەکەیان دزیوە و دواتر لەنێوان خۆیاندا دابەشیان کردووە.

لە ئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیر کراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان