کچانی ژیما خۆیان بۆ پاڵەوانێتی عەرەب ئامادە دەکەن

+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی

تیپی باسکەی کچانی رێکخراوی ژیما، ئامادەکارییان دەستپێکرد بۆ پاڵەوانێتی عەرەب.

دوای ئەوەی تیپی باسکەی کچانی رێکخراوی ژیما، کە نوێنەرایەتی یانەی گازی باکوری شاری کەرکوک دەکەن، بوونە پاڵەوانی خولی یانە پلە نایابەکانی عێراق، لە ئێستادا دەستیان بە ئامادەکاری کردووە، بەمەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب کە بریارە وڵاتی مەغریب رکابەرییەکانی لە ئامێز بگرێت.

رزگار رەئوف، راهێنەری تیپی کچانی گازی باکور بە 964ـی وت، ئەوەی جێگەی شانازییە بۆ ئەم و وەرزشی شاری سلێمانیيه، ئەوەیە کە بە تیمێکی لاوەوە کە تێکرای تەمەنی یاریزانەکانی 17 ساڵن و توانیان لە خولی عێراق بەبێ رکابەر نازناوەکە بەدەستبهێنن.

ئەو راهێنەرە گلەیی لە یانەکانی شاری سلێمانی کرد و وتی “ئایا یانەکانی سلێمانی وەرزش دەکەن یان خەریکی کاری ترن، چونکە قەت شتێکی وا نابێتەوە ئەو هەموو کچە یاریزانە ئاستبەرزە لەو شارەدا هەبێت و هیچ یانەیەک لەخۆیان نەگرێت؟”.

وتیشی، دوای تەواوبوونی خولی عێراق، تەنها دوو رۆژ پشوویان بە یاریزانەکان داوە و لە ئێستادا دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ پاڵەوانێتی عەرەب و دوو یاریزانانی پیشەگەری ئەمریکی دەگوازنەوە ریزەکانیان.

تەنها لە ماوەی یەکساڵدا، تیپی باسکەی رێکخراوی ژیما بەنوێنەرایەتی یانەی گازی باکور توانیان ببنە پاڵەوانی خولی لاوان و پێشکەتووانی یانەکانی عێراق.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن