ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا لە یاسای نەوت و غاز لەسەر چییە؟
+964
فەهمی نەبی
رۆژنامەی زەورای عێراقی راپۆرتێکی لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت غاز بڵاوکردووەتەوە، بە پێی راپۆرتەکە هێشتا ناکۆکییەکان لە نێوان هەردوولا لەسەر بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان لە رووی کارگێڕییەوە بەردەوامە.
زیاتر لە هەشت مانگە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر داڕشتنی پڕۆژە یاسای نەوت و غاز بەردەوامیی هەیە، بەڵام پێشینەی ناکۆکی هەرێم و بەغدا لەسەر یاساکە بۆ 15 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
بە پێی ئەو کارنامەیەی لە سەروەختی پێکهێنانی کابینەکەی سودانی هاتبوو “لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی دەستبەکاربوونی حکومەتدا، پێویستە یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا”.
لە ساڵانی 2008 و 2011 دوو پڕۆژە یاسای نەوت و غاز لە عێراق ئامادەکران، بەڵام هەرێم و بەغدا لەسەری ناکۆک بوون.
لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی زەورا، کە دوێنێ بڵاویکردووەتەوە زەینەب جومعە قسەی کردووە، ئەو ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراقە دەڵێت، هۆکاری سەرەکی نەگەیشتنە خاڵی سەرەکی رێکەوتنەکان رازی نەبوونی هەرێمە بەوەی حکومەتی ناوەند بە شێوەیەکی تەواو دەسەڵاتی بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمدا هەبێت.
عەلی مەشکور، ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەرانە، لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی زەورا قسەی کردووە دەڵێت، دواکەوتنی پڕۆژە یاسای نەوت و غاز تەنیا پەیوەندی نییە بە خاڵە تەکنیکیەکان، بەڵکو جیاوازی ئیدارەدانن، کە خۆیان لە حەوت خاڵدا دەبیننەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەڕۆکی ئەو خاڵانە بکات، بەڵام ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی پڕۆژە یاساکەی گەڕاندوەتەوە بۆ پێداگیریی هەرێم لەسەر ئەو خاڵەی، کە دەبێت خۆی دەسەڵاتی بەسەر کێڵگە نەوتییەکاندا هەبێت.
رۆژنامەی زەوڕا، یەکەم ژمارەی لە ساڵی 1869 دەرچووە، لە لایەن سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراقییەوە خاوەنداریەتیی دەکرێت
هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ـەوە، یاسای ژمارە 22ی نەوت و غازی هەیە، بەڵام دادگای فیدڕالی عێراق، بە هەردوو بڕیاری ژمارە 59 و 110 لە رێکەوتی 15ی شوباتی 2022، ئەو یاسایەی هەڵوەشاندووهتەوە.